سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای نزیک لە پارتیان راگەیاندوە کە "ئەگەری زۆرە ئەم هەفتەیە مووچە رەوانە بکرێت".
شەممە، ٢٧ حوزەیران ٢٠٢٦، ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندوە کە "ماوەی یەک هەفتەیە بەغدا کار لەسەر لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ٦ رەوانە دەکات".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردوە کە "بەغدا داوای ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەگەر هەولێر نەیتوانی ئەو بڕە پارەیە بنێرێت، وەزارەتی دارایی عێراق پارەی داهاتە نانەوتییەکە لە مووچە دەبڕێت و دواتر پارەکە بە نەختینە دەنێرێت".
بڕیارە سبەی (یەک شەممە) شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی ١٢٠ ملیار دینارەکەی داهاتی نانەوتی بچێتە بەغداد و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆببێتەوە، ئامانجی سەردانەکە ئەوەیە هەرێمی کوردستان روونی بکاتەوە داهاتی کەم کردووە و ناتوانێت ١٢٠ ملیار دینار بنێرێت، بۆیە دەیانەوێت لەسەر بڕێکی دیکە رێکبکەون.