بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی، بەختیار تاهیر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت "کێشەی لەکارکەوتنی پەمپەکانی ئاوی دووکان - سلێمانی چارەسەرکراوە و گرفی دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکانی ناو شارەکە نامێنێت".
شەممە، ٢٧ حوزەیران ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رایگەیاند "پڕۆژەی گۆڕینی پەمپە لەکارکەوتووەکانی هێڵی یەک و دووی ئاوی دووکان - سلێمانی درابوو بە کۆمپانیا، بەڵام پارە بۆ کۆمپانیاکە خەرجنەکرابوو، بە چەند گوژمەیەک پارە بۆ کۆمپانیاکە خەرجدەکرێت و ئەم هەفتەیە سێ پەمپی نوێ دەخرێنە شوێنی پەمپە لەکارکەوتووەکان".
بە وتەی بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی "پڕۆژەکە گۆڕینی هەشت پەمپی هێڵی یەکی دووکان - سلێمانییش لەخۆ دەگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو هەشت پەمپە نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان".
بەختیار تاهیر ئاماژەی بەوەشکرد "بە دانانی پەمپە نوێیەکان لەم هەفتەیەدا زۆرینەی کێشەکانی کەمئاویی لە گەڕەکەکانی سلێمانی چارەسەر دەبێت".