بۆردی داکۆکی لە ماف و ئازادیی ڕۆژنامەنووسان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی ڕووماڵکردنی دۆسیەی مامۆستای زانکۆ، د. عەبدوللەتیف ئەحمەد بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات پابەندی بنەما پیشەیییەکان بن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی سلێمانی کارەکانی خۆی کۆتایی پێهێنا و وردەکارییەکانی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد، لە ئێستادا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم کەیسە لە لایەن وەزارەتەوە دەدرێت.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسان داوا لە سەرجەم میدیاکان و پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیای سەر بە دیجیتاڵ میدیا مۆڵەتدارەکان دەکات کە تا کاتی دەرچوونی بڕیاری فەرمی، لەژێر هیچ ناوونیشانێکدا بابەتی ناڕاست و "وتی وتی" بڵاو نەکەنەوە و پێش بڕیاری لیژنەکە و وەزارەت نەکەون.