زەکەریا عەبدوڵا ناوی لە دۆسیەیەکی گەورەی بەهەدەردانی دارایی لە کەرتی پیشەسازیی عێراقدایە

ناوی هونەرمەند و وەبەرهێنەری ناسراوی کورد، زەکەریا عەبدوڵڵا، وەک تەوەر و لایەنێکی سەرەکی لە دۆسیەیەکی قەبەی سەرپێچیی دارایی و کارگێڕی کەرتی پیشەسازیی وڵاتدا هاتووەتە پێشەوە کە لە میدیا عێراقییەکاندا بڵاوکراوەتەوە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی خراونەتە بەردەم دەستەی نەزاهە، کۆمپانیاکەی زەکەریا عەبدوڵڵا تۆمەتبار دەکرێت بە وەرگرتن و بەهەدەردانی نزیکەی ملیۆنێک و نیو تەن ئاسنی پاشماوەی (سکراب)ی سەر بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەوەش بە هاوبەشی و پاڵپشتیی لایەنی کارگێڕی و چەند بەرپرسێکی پێشووی حکومەتی فیدراڵ.

لێکۆڵینەوەکان لەسەر پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی ناوبراو چڕبوونەتەوە، کە تێیدا خالد بەتال، وەزیری پێشووی پیشەسازی و کانزاکان، لەگەڵ ئەحمەد حامد زەینەدین، بەڕێوەبەری گشتیی ئێستای کۆمپانیای پۆڵا لەپاڵ فراس خالدی بەڕێوەبەری پێشوو تۆمەتبار دەکرێن بە پێشکەشکردنی چەتری یاسایی و کارگێڕی بۆ داپۆشینی ئەم سەرپێچییانە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆژەکە لەسەر بنەمای پێدانی ئاسانکاریی بەرفراوان بە کۆمپانیاکەی زەکەریا عەبدوڵڵا داڕژراوە، بە جۆرێک کارگەیەکی تەواوی تواندنەوەی ئاسن کە پێشتر بە ملیاران دینار لەسەر بودجەی گشتی نۆژەنکرابووەوە، ڕادەستی پڕۆژەکەی کراوە. هاوکات فەرمان بە کۆمپانیا گشتییەکان کراوە کە ئاسنی سکراب بەبێ بەرامبەری دارایی پێشوەختە ڕادەستی کۆمپانیاکەی بکەن.

سەرچاوە ئاگادارەکان ڕوونیان کردووەتەوە کە بەپێی بەندەکانی گرێبەستەکە، دەبوو کۆمپانیاکەی ئەم هونەرمەندە کارگەیەکی نوێی ئاسن هاوردەی عێراق بکات، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر وادەی دیاریکراودا، کارگەکە جێبەجێ نەکراوە و پرۆسەکە تەنها بۆ بردنی سکرابەکە بەکارهاتووە کە دواتر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە کۆمپانیاکەی زەکەریا عەبدوڵڵا لە ئێستادا بە بڕی ملیاران دینار قەرزاری دەوڵەتە و ئامادە نییە بڕە پارەکە بگەڕێنێتەوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، چ لە لایەن لایەنە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چ لە لایەن نوسینگەی فەرمی یان پارێزەرانی هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵاوە، هیچ جۆرە لێدوان، ڕوونکردنەوە یان ڕەتکردنەوەیەک سەبارەت بەم تۆمەتانەی لە میدیا عێراقییەکاندا خراونەتە ڕوو، بڵاو نەکراوەتەوە.



PM:08:56:27/06/2026