بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی سپی، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، کەسایەتیی دیار و سەرۆک هۆزی گەورەی برادۆست لە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە کە یەکێکیان پەیوەندییان بە پۆستی سیاسی و ئەمنی باڵای عێراقەوە هەیە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی سپی، یەکێک لە هۆکارە ڕاستەوخۆکان بریتی بووە لە داواکردنی پۆستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە لایەن فەیسەڵ کەریم خانەوە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەیتوانیوە لە چوارچێوەی هاوکێشە سیاسییەکانی بەغدادا ئەو پۆستەی بۆ مسۆگەر بکات.
هۆکارێکی دیکە بۆ ئەو گۆڕانکارییە فیکری و کارگێڕییە دەگەڕێتەوە کە لە ناوخۆی یەکێتیدا ڕوویانداوە. وەک زانراوە، فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی سەرۆکایەتیی عەشرەتێکی گەورە و خاوەن پێگەی مێژوویی دەکات؛ لە سەردەمەکانی پێشوودا، بەتایبەت لە سەردەمی سکرتێری کۆچکردوو مام جەلال، کەشی مامەڵەکردن تەواو جیاواز بووە، ئەم کەشە نوێیەی ئێستای ناو حزبەکەش لەگەڵ دیدگای فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی نەگونجاوە بۆ بەردەوامبوون.
هەر بەپێی زانیارییەکانی سپی، هۆکاری سێیەم پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکەیە. لە ئێستادا ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی بەرەو ئاستێکی توندتر دەڕوات، هۆزی برادۆستیش کە لە ڕووی جوگرافییەوە لە ناوچەیەکی ئێجگار هەستیاردان، نایانەوێت بکەونە بەرداشی ئەو ململانێ سیاسییە، بۆیە دەیانەوێت بێلایەنیی خۆیان بپارێزن و تەنها داکۆکی لە خزم و کەس و بەرژەوەندیی ناوچەکانی خۆیان بکەن.
ئەم سێ هۆکارە سەرەکییە پاڵنەری ڕاستەوخۆ بوون بۆ ئەوەی فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی بە فەرمی کۆتایی بە کاروانی سیاسیی خۆی لە نێو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بهێنێت.
عەشرەتی برادۆستی یەکێکە لە عەشرەتە گەورە و دێرینەکانی کوردستان، کە نیشتیمانی سەرەکییان ناوچەی (برادۆست)ە لە قەزای سۆران (سیدەکان) لە پارێزگای هەولێر. پەیوەندیی ئەم عەشرەتە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتی دامەزراندنی ئەو حزبەو دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ لە ساڵی ١٩٧٦ەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتی و چەکدارانی عەشرەتی برادۆستی پەیوەندییان بە ڕیزەکانی یەکێتییەوە کرد.
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ناوچەی برادۆست ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگ بوو بۆ هێزی پێشمەرگە بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی لەسەر سنووری سێ لایەنی (عێراق، ئێران، تورکیا).
فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی کەسایەتی دیاری برادۆستییەکان، لە هەڵبژاردنی ١٠ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢١ بەربژێری یەکیێتی نیشتمانیی کوردستان بوو لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی یەکی پارێزگای هەولێر، کە دەڤەری سۆرانی دەگرتەوە، بەڵام سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا و نەبووە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
دواتر بە بڕیارێکی بافڵ تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیی فەیسەڵ کەریم خان رۆژی چوارشەممە٧ ی کانوونی یەکمی ٢٠١٢ کرا بە ئەندامی سەرکردایەتی.