ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە ڕاگەیەندراوێکی تونددا بڵاوکردەوە، وەڵامی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی دایەوە سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، و بەربەستەکانی بەردەم پڕۆسە سیاسییەکەی خستە ئەستۆی پارتی.
نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوەکەیدا چەند وێستگەیەکی بەبیرهێناوەتەوە و دەڵێت" لە ڕۆژی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران لە ٢-١٢-٢٠٢٤، فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی دانیشتنەکەیان جێهێشت و ڕێگەیان نەدا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت. پاشان لە ٩-١٢-٢٠٢٤، فراکسیۆنی پارتی ئامادەنەبوو بچێتە هۆڵی کۆبوونەوەوە، و جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمان کە پارتییە، ڕێگەی نەدا زەنگی دانیشتنەکان لێبدرێت بە بیانووی چاکسازیی لە هۆڵەکەدا. دواتریش لە ٢٦-١-٢٠٢٥ کاتێک پارتی ئامادەی کۆبوونەوە نەبوو، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان ناچار بوو لە ٢٢-١-٢٠٢٥ دەستلەکاربکێشێتەوە."
جوڵانەوەکە ڕەخنەی توند لە ڕەفتاری میدیا فەرمی و نافەرمییەکانی پارتی دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە سۆنگەی خەمخۆرییەوە هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێن هەرێمەکە لەدەست دەچێت، میدیاکانی پارتی بەوپەڕی بێڕێزییەوە دەستیان کرد بە هێرشکردن.
نەوەی نوێ دەپرسێت'' هێرشکردن و ناوزڕاندنی سەرۆکی پارتێکی خاوەن ١٥ کورسی، لە کوێی دنیادا زەمینەسازی بۆ گفتوگۆ و چارەسەری کێشەکان دروست دەکات؟ کە پێویست بوو پارتی درک بەوە بکات ئەو هۆشدارییە بۆ پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم بووە لە مەترسییەکان.''
جوڵانەوەی نەوەی نوێ جەخت دەکاتەوە کە هەر لایەنێک خۆی بە دڵسۆزی گەل بزانێت، نابێت هەرێمی کوردستان بکاتە قوربانیی شەڕی پۆست.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە'' گەر پارتی ئامادەیە دەستبەرداری شەڕی پۆست ببێت، ئەوا هەموو لایەنەکان ئامادەی دانیشتنن، بەڵام کاتێک پارتی بە ٣٩ کورسییەوە دەڵێت هێڵی سوورمان هەیە بۆ پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت و ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش، ئەوا ئەمە بە مانای کۆتاییهێنانە بە ئەزموونی هەرێم و داخستنی هەموو دەرگاکانە بەڕووی گفتوگۆدا."