چوار شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی
موچەی شەهیدان، داهاتی نانەوتی و سیستەمی گومرگی و بابەتی تەندروستی ئەمڕۆ سەردانی
بەغدا دەکەن و هەوڵ بۆ چارەسەری کێشە دارایی و کارگێرییەکانی هەرێم و بەغدا دەدەن.
بەپێی زانیارییەکان شاندێکیان بۆ پرسی موچەی مانگی شەش و
داهاتی ناوخۆیە، کە هەرێمی کوردستان پێشتر رایگەیاندووە، دیاریکردنی ١٢٠ ملیار دینار
وەک داهاتی ناوخۆ یاسایی نییە.
وەزیری دارایی عێراق، بڕیاریداوە بڕی ١٢٠ ملیار دینار وەک
"بەشی داهاتی ناوخۆ" لە کۆی ئەو پارەیە ببڕێت کە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت. ئەم لێبڕینە حکومەتی هەرێمی
کوردستان تووشی گرفت دەکات، چونکە ئێستا داهاتی ناوخۆ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمترە لە
جاران. ئەمە لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستاش بەشێک لەو موچەخۆرانەی موچەکانیان لەسەر
داهاتی ناوخۆیە، موچەی مانگی ٥یان وەرنەگرتووە.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە
مەبەستی دانوستاندن بچنە بەغدا و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانیشیان گفتوگۆکردن دەبێت
لەسەر ئەو بڕە پارەیەی بەغدا داوای دەکات.
شاندی دووەم تایبەت بە پرسی ئەسیکۆدایە، هەرچەندە هەردوولا
گەیشتوونەتە لێکتێگەییشتن، بەڵام چەند بڕگەیەک ماوە کە بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدرێت،
هەروەها دەبێت ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق لە کۆبوونەوەیەک دەنگ لەسەر رەشنووسی لێکتێگەیشتنی
نێوان هەردوولا بدات.
شاندی سێیەم لەبارەی زیندانییانی سیاسییە. لیستی نزیکەی ٢٥
هەزار زیندانی سیاسی دراوەتە حکومەتی عێراق بە مەبەستی هاوتاکردنی مووچەکانیان؛ ئەمە
جگە لەوەی بەشێکی بەرچاوی ئەو لیستە تاوەکو ئێستا تەنیا کۆدیان وەرگرتووە، بێ ئەوەی
مووچەیان بۆ خەرج بکرێت.
شاندی چوارەم شاندێکی وەزارەتی تەندروستییە کە بە سەرۆکایەتی
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی سەردانی شاری بەغدا دەکات بەمەبەستی زنجیرەیەک
کۆبوونەوە لەگەڵ د. عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق و لایەنە پەیوەندارەکان.
لەبارەی ئەجێندای سەردانەکە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی
کوردستان دەڵێ: "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی، تەندروستی، ماف و شایستەکانی هاوڵاتیانی
هەرێمی کوردستان دەبێت و، بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر و گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان
دەبێت."