رەوتی هەڵوێست دوو ئەندام پەرلەمان لە دەست دەدات


رەوتی هەڵوێست کە عەلی حەمە ساڵح سەرۆکایەتی دەکات لە پەرلەمانی کوردستان دوو پەرلەمانتاری ژنی لە دەستدا.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ماڵپەری سپی لە کاتی دەستنیشانکردنی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رەوتی هەڵوێست پەیوەستنامەیەکی بە هەموو بەربژێرەکان پڕکردوەتەوە کە مانگانە بڕێک پارە لە مووچەکانیان بدەن بە رەوتەکە، بەڵام تا ئێستا هەردوو پەرلەمانتار سازگار فەریق عەبدوڵا، سارا موحسین قادر، کە دوو پەرلەمانتاری رەوتەکەن، پارە نادەن و بەشداری کۆبوونەوەکانیش ناکەن، هاوکات وەڵامی پەیوەندییەکانی بەرپرسانی رەوتەکەش نادەنەوە.

رەوتی هەڵوێست بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبووی ئەو پەیوەستنامەیەی واژۆیان کردوە پەنای بردوەتە بەر دادگا، بە پێی زانیارییەکان ئاگادارکردنەوە لەلایەن دادگاوە نێردراوە بۆ هەردوو پەرلەمانتارەکە.

لە ناوەڕۆکی پەیوەستنامەکەدا هاتووە، ئەگەر بەربژێری هەڵبژێردراو پابەند نەبێت بە خاڵەکانی ئەو پەیوەستنامەیە، پێویستە مانگانە لە ٪٥٠ ی مووچەکەی بدات بە رەوتی هەڵوێست.

(سپی) زانیویەتی هەردوو پەرلەمنتارەکە پاش ماوەیەکی کەم لە دەرچوونیان هیچ پابەندبوونێکیان بە رەوتەکەوە نەماوە.

بۆ وەرگرتنی زنیاری و هەڵوێستی رەوتەکە سپی میدیا لە رێگای تەلەفۆن و نامەی دەنگیەوە پەیوەندی بە دکتۆر ڕێبوار کەریم، پەرلەمانتاری دیاری رەوتی هەڵوێست و یەکێک لە بەرپرسەکانی رەوتەکەوە کرد، بەڵام هیچ وەڵامێکی نەبوو.

ماوەی ساڵێک و هەشت مانگە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا ئەم دوو پەرلەمانتارە پابەندی بڕیارەکانی رەوتەکە نەبوون، نازاندرێت ئایا ئەم دوو پەرلەمانتارە لە ئێستا سەر بە رەوتەکەن یان بەدەست لەکارکێساوە هەژمار دەکرێن.




PM:06:12:28/06/2026