فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پاڵپشتیی خۆی بۆ هەڵمەتی دژە گەندەڵی ڕادەگەیەنێت

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا پشتیوانی و پێشوازیی تەواوی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە یاساییانە دەربڕی کە لە لایەن عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بە هاوکاری و پاڵپشتیی دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە حکومییەکان بە ئاراستەی ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی کەسانی تێوەگلاو نراون.

فراکسیۆنی پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هیوا دەخوازێت کە ئەم پرۆسەیە تەنها لە شاری بەغدای پایتەختدا کورت نەبێتەوە، بەڵکو فراوانتر بکرێت و سەرجەم پارێزگا و شارەکانی دیکەی عێراقیش بگرێتەوە.

هاوکات جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی تەواو لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری کردەوە بۆ سەرخستنی تەواوی ئەم پرۆسەیە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە'' لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیمانەوە، ئامادەیی تەواوی خۆمان بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییەک نیشان دەدەین، چ لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی و چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارێزگاکان، لە پێناو پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان و چەسپاندنی سەروەریی یاسا."

لە کۆتاییدا فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە هاووڵاتییان شایستەی پاکسازیی کارگێڕی و گێڕانەوەی مافە بەفیڕۆدراوەکانیانن، و لەسەر ئەم بنەمایەش جەخت لەسەر لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ هەر گەندەڵکارێک دەکەنەوە بەبێ هیچ جیاکارییەک.




PM:11:04:28/06/2026