بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی خۆراکی هەولێر
ئاشکرایدەکات لە سێیەم سەبەتەی خۆراکەوە، بەشەخۆراکی بەشێک لە پلەباڵاکان دەبڕدرێت.
رۆژی دووشەممە، ٢٩ی حوزەیران، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری
بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی خۆراکی هەولێر رایگەیاند: "رۆژی چوارشەممە کە دەکاتە
یەکی مانگی حەوت، دەست بە کۆکردنەوەی پارەی بریکارەکان دەکرێت تاوەکو بتوانین بەشەخۆراک
دابەش بکەین."
وتیشی: دەبێت بریکار سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بکات و پارە
بدات، دواتر بەشەخۆراک وەردەگرێت؛ هاوکات هەفتەی داهاتوو چوارەم سەبەتەی بەشەخۆراکی
ئەم ساڵ دابەش دەکرێت.
دلێر عەبدولواحید وتی: "لە بەشەخۆراکی مانگانەدا یەک لیتر
زەیت، یەک قوتوو ئاوی تەماتە، سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، نیو کیلۆ نیسک و نیو کیلۆ
لەتکە نۆک دابەش دەکرێت."
لە ساڵی ٢٠١٨دا حکومەتی عێراق بڕیاری دا کە ئەوانەی موچەیان
لە ملیۆنێک و نیو دینار زیاترە، بەشەخۆراکەکەیان ببڕدرێت؛ هەر ئەمڕۆ سیامەند قادر
نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی هەولێر ریگەیاند: "لە سێیەم سەبەتەی خۆراکەوە،
بەشەخۆراکی بەشێک لەوانە بڕدراوە."
وتیشی: "بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئێمە لە هەرێمی
کوردستان بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی پلەباڵاکانمان جێبەجێ نەکرد؛ سەرەتا دوو ملیۆن دینار
وەکو موچەی پلەباڵا دیاری کرا، دواتر کردیانە یەک ملیۆن و نیو، پاشان کرایە ملیۆنێک،
ئێستا بڕیارە دووبارە داوا بکرێت، بە یەک ملیۆن و نیو دیاری بکرێت."
بەڕێوەبەری پسوولەی هەولێر دووپاتی کردەوە، "لە سێیەم
سەبەتەی خۆراکەوە، بەشەخۆراکی پاسەوانی سنوور و کارمەندی بەنداوەکان کە راستەوخۆ موچەیان
لەسەر بەغدایە، بڕدراوە. هاوکات هەندێک دادوەریشی گرتووەتەوە."
ئەوانەی بەهۆی موچەی پلەباڵاوە بەشەخۆراکیان دەبڕدرێت، ئەگەر
سەرۆکی خێزان بێت، هەموو خێزانەکە دەگرێتەوە؛ ئەگەر ئەندامێکی نێو خێزان مووچەی پلەباڵای
هەبێت، تەنیا ناوی ئەو لەنێو پسوولەی بەشەخۆراک دەسڕدرێتەوە.
ساڵانە سەرجەم بەشەخۆراکەکان دابەش ناکرێن، پار هەشت بەشەخۆراک
و پێراریش ١٠ بەشەخۆراک دابەش کراوە؛ ئەم ساڵیش کە نیوەی ساڵەکە خەریکە تەواو دەبێت،
تەنیا سێ بەشەخۆراک دابەش کراوە.