CPT: تورکیا بە مەرج رێگا بە خەڵکی گوندەکانی زاخۆ دەدات بگەڕێنەوە

‌وێنەی یەکێک لەو گوندانەی لە زاخۆ لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە

کامەران عوسمان، ئەندامی رێكخراوی CPT ئەمریکی لە لاپەڕەی خۆی زانیاری سەبارەت بە گەڕانەوەی گوندنشینانی گوندەکانی زاخۆ بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "لە دوای وێرانکردن و تاڵانکردنی ماڵەکانیان، سوپای تورکیا بە ٦ مەرج ڕێگا بە خەڵکی ٩ گوندی سنوی زاخۆ دەدات کە بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانییان".

دوو شەممە، ٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦، کامەران عوسمان رایگەیاند "لە ڕۆژی ٢٦ی حوزەیران و سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا، دوای فشاری زۆری گوندنشینان، سوپای تورکیا ڕێگەی بە دانیشتووانی گوندەکانی (بازنگیرا، گوندۆک، گەورک، کڕکڕانک، پەترۆمە، کەلۆک، مارسیس، ئەلانش و ئێرێ) لە گەلی پساغا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا کە بە شەش مەرج بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان".

مەرجەکان بریتی بوون لە:

١- ڕۆژانە لە کاتژمێر ٦ی بەیانی بۆ ٧ی ئێوارە گوندنشینان دەتوانن بچنە گوندەکانیان و هیچ کەسێک بۆی نیە لە دوای ٧ی ئێوارە لە گونددا بمێنێتەوە.

٢- هیچ گوندنشینێک ڕێگە پێدراو نیە کە چەک و ئامێری بڕەڕی پێبێت. تەنانەت چەکی ڕاویش.

٣-گوندنشینان تەنیا دەتوانن خواردنی یەک ڕۆژ بەرن بۆ گوند و ڕێگە پێدراو نین خۆراکی زیاتر لە ڕۆژێکیان پێبێت.

٤- لە کاتی تێپەڕبوون بە بازگەی تورکیادا، ناسنامەی هەموو سەرنشینان وەردەگیرێت و ناو ناونیشان و زانیاری کەسییان تۆمار دەکرێت.

٥- شۆفێری ئۆتۆمبێل، بەرپرسیار دەکرێت لە گەڕانەوەی تەواوی سەر نشینان لە ئێوارەدا و لە ئەگەری نەگەڕانەوەی هەر سەر نشینێک، شۆفێر لەلایەن سەربازانی تورکەوە دەستگیردەکرێت.

٦- سەربازانی تورکیا لە تۆماری دیجیتاڵی دەزگا ئەمنییەکانیاندا، بۆ پاشخانی گوندنشینان دەگەڕێن کە ئەگەر تۆمەتباربن بە هاوکاریکردنی گەریلا لە ڕابردوودا، ئاوا دەستگیریان دەکەن.

هاوکات ئەو ئەندامەی رێکخراوی CPT  دوو دیمەنیشی بڵاوکردوەتەوە و وتویەتی کە "ڤیدیۆکان، ئاسەواری شەڕن لەناو ماڵی گوندنشینانی گوندی (مارسیس) و سوپای تورکیا بۆردوومانی بەشێک لە ماڵەکانی کردووە و دوای داگیرکردنی گوندەکە، سەربازان کەلوپەل و ئامێری کارەبایی ناو ماڵەکانیان تاڵانکردووە".

نزیکەی مانگێکە دانیشتووانی ٢١ گوندی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەوڵ دەدەن کە بگەڕێنەوە سەر گوندەکانی خۆیان کە زیاتر لە ٦ ساڵە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیاوە چۆڵیان کردووە.




PM:02:02:29/06/2026