شاسوار عەبدولواحید: داوام لە بەغدا کردووە دز و گەندەڵکارانی هەرێمیش دەستگیر بکات

 سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ناوەڕۆکی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ئاشکرا کرد.

شاسوار عەبدولواحید، ڕایگەیاند'' لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەتەوە.''

ئاماژەی بەوەش کرد کە بە تایبەت لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، باسی لەوە کردووە کە پێویستە ئەو هەڵمەتەی بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەستیان پێکردووە، هەرێمی کوردستانیش بگرێتەو، چونکە وەک خۆی دەڵێت'' ناکرێت پارەی نەوتمان دیار نەمێنێت، پارەی مووچەی خەڵک بدزرێت و پاشەکەوتی مووچە بکرێت کە ئەمانە هەمووی دزی و نایاسایین."

شاسوار عەبدولواحید باسی لە دۆسیەی نەوت و بەنزین کرد و وتی'' ئێستا ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمەوە نادرێت بە عێراق بەو بیانووەی کە لە بەرامبەردا لیتری بەنزین بە ٤٥٠ دینار دەدەنە خەڵک، بەڵام کوا بەنزینی ٤٥٠ دیناری؟ ئێستا لیتری بەنزین لە سەرووی هەزار دینارەوەیە و ئەمانە دزی گەورەن. لەگەڵ ئەوەشدا لە مانگی نیسانی ٢٠٢٢ـەوە نەوتی هەرێم دەفرۆشرێت و دینارێکی نادرێتەوە بە عێراق."

سەبارەت بە هاوپەیمانێتییە نوێیەکەشیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند'' بەو هاوپەیمانێتییەمان لەگەڵ یەکێتی، حکومەتێکی پاک پێکهێنین و دەست بۆ زۆر شت دەبەین. ناوی ئەم هاوپەیمانێتییەمان ناوە (هاوپەیمانێتیی هاوسەنگی و بوژانەوە) کە بۆ خەڵکی کوردستان دەبێتە خێر و بوژانەوە، بەڵام بۆ هەندێک لایەن دەبێتە کوژرانەوە؛ چونکە لایەنێک بە ٣٠٪ی کورسییەکانەوە ١٠٠٪ی پۆستەکانی بەدەستەوە بوو، بەڵام لەمەودوا ئەوەی بۆ ناچێتەسەر."



PM:08:06:29/06/2026