ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاشکرای کرد، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەگەڵ بریکاری دەستگیرکراوی وەزارەتی نەوت ئەنجامی گەورەیان هەبووە و توانراوە دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی نەختینەیی (دۆلار و دینار) و چەندین موڵک و خانووبەرەدا بگیرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تۆمەتبار عەلی مەعارج سوەیدج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، بڕە پارەیەکی خەیاڵی دۆزراوەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی دادگا، لە ئەنجامی گەڕان و لێکۆڵینەوەکاندا توانراوە دەست بەسەر ١١ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و ٤ ملیار دیناری عێراقیدا بگیرێت کە لای ئەو بەرپرسە باڵایە حەشاردرابوو، جیا لەو پارە نەختینەییەش، دەست بەسەر چەندین خانووبەرە و موڵکی گرانبەهای تۆمەتبارەکەدا گیراوە.
دادوەری پەیوەندیدار دووپاتی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ بریکارەکەی وەزارەتی نەوت کە ئێستا لەژێر چاودێریی توندی هێزە ئەمنییەکاندایە هێشتا لە سەرەتادان و بەردەوام دەبن بۆ ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکان، تۆڕەکانی پشت ئەم گەندەڵییە و گێڕانەوەی سەرجەم ئەو سامانە گشتییانەی بە نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئەم لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرداگرتنە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ یەکشەممە، حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، هەڵمەتێکی فراوان و بێپێشینەی بۆ دەستگیرکردنی چەندین بەرپرسی باڵا، بەڕێوەبەرانی گشتی و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی دەوڵەت دەست پێ کردووە.