وەزارەتی دادی عێراق دەنگۆی
دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی خالید شوانی، وەزیری داد رەتدەکاتەوە و رایگەیاندووە
کە ناوبراو بەردەوامە لە ئەرکەکانی و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەموو ئەو پەیج
و میدیایانە دەگرنە بەر کە بە مەبەستی ناوزڕاندن ئەم هەواڵە ساختانە بڵاو دەکەنەوە.
وەزارەتی دادی عێراق لەبارەی
دەنگۆی دەستگیرکردنی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتەکەوە ڕەتیکردەوە بەڕێوەبەری نووسینگەی
خالید شوانی وەزیری داد دەستگیرکرابێت و دەڵێت، ئەوانەی ئەو هەواڵانە بڵاودەکەنەوە
ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی
وەزارەتی دادی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ئەو دەنگۆیانەی لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە
لەسەر دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی خالید شوانی وەزیری دادی عێراق سەرلەبەری
ساختەن و دوورن لە ڕاستییەوە.
بەرپرسانی وەزارەتەکە
لەبارەی پابەندبوونی یاسایی ئەو فەرمانبەرەوە دووپاتیشیان کردووەتەوە،
"ناوبراو بەردەوامە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە فەرمییەکانی خۆی و نە لە ڕابردوو و نە
لە ئێستادا هیچ كێشەیەكی یاسایی نەبووە و نییە، بەڵكو نموونەی فەرمانبەری دڵسۆز و
دەستپاکە بە شایەتیی ڕاپۆرتی دەزگا چاودێرییەکان".
وەزارەتی دادی عێراق لەبارەی
ئامانجی پشت بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانەوە دەڵێت، ئەو هەواڵانە تەنیا ئامانجیان
ناوزڕاندنی وەزارەتی داد و بەرپرسەکانیەتی، هەر بۆیە سکاڵای یاسایی لەسەر هەموو ئەو
کەناڵ و پەیج و دەزگایانە تۆمار دەکات کە ئەم هەواڵە ناڕاستەیان بڵاوکردووەتەوە و ڕووبەڕووی
یاسا دەکرێنەوە.