کەناڵی NRT سەر بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەشێک لە رێکەوتنی نێوان یەکێتی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڵاودەکاتەوە.
سێ شەممە، ٣٠ حوزەیران ٢٠٢٦، بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە بڵاوکراوەتەوە کە پێکهاتووە لە پێشەکی و چەند خاڵێکی رێکەوتنەکە و کۆتایی و تیایدا جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە کە "بەهێزکردنی هاوبەشی نیشتمانی بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بکات بەبێ جیاوازی و بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف بۆ سەرچاوە گشتییەکان دابین بکات".
رێککەوتنی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەم شێوەیەیە:
پێشەکی
لە سەر بنەمای گریمانەی گۆڕانکارییەکان و ئاڵنگارییەکان و چۆنیەتی هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و مێژوویی کە لەسەر شانی هەموو هێزە سیاسییەکانەو، باوەڕی تەواو بەپێویستی بەهێزکردنی ئارامی سیاسی و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و پاراستن و بەرجەستەکردنی مافی هاوڵاتیان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان و، باشترکردنی حوکمڕانی، هەردوو لایەن؛ جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێککەوتنێکی سیاسی ستراتیجی بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و ڕێکخستنەوەی باڵانسی هێز لە دیمەنی سیاسی هەرێمی کوردستان و، بەهێزکردنی هاوبەشی نیشتمانی بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بکات بەبێ جیاوازی و بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف بۆ سەرچاوە گشتییەکان دابین بکات؛ ڕێککەوتنێک ئیمزا دەکەن.
ئەم ڕێککەوتنە وەڵامێکە بۆ ئاڵۆزییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و، ههوڵێكە بۆ دروستکردنی نموونەیەکی نوێی حوکمڕانی کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاوسەنگی دامەزراوەیی و شەفافییەت لەبەڕێوەبردنی داهاتە داراییەکاندا بنیات دەنرێت و، بۆ زیادکردنی متمانەی هاوڵاتیان بەدامەزراوە فەرمییەکان و، کارکردنی دامەزراوەکانیش بۆ باشترکردنی گوزەران و مووچەو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان.
بەشێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە:
٤- بەهێزکردنی ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان وەک دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانان.
٥- ڕێککەوتن لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژە یاساکان و پەسەندکردنیان لەلایەن پەرلەمان و دەزگاتەشریعیەکان.
٦- کارکردن بۆ گێڕانەوەو هەموارکردنی ئەو یاسایانەی پێویستە هەموار بکرێنەوەو ئەو بڕیارانەی بەدەر لە یاساکانی پەرلەمان دەرچوێندراون و بوونەتە مایەی زیان بۆ ژیان و گوزەرانی چین و توێژە جیاوازەکانی هاووڵاتیان.
٧- ئامادەکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە ئاستی بژێوی هاوڵاتیان باشتر دەکەن و پەسەندکردنیان بەتایبەت لە بوارەکانی تەندروستی و پەروەردە و هەموو سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان و باج و ڕسوومات.
٨- هاوپەیمانیتییەکە پێکەوە کار دەکەن لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم بۆ چەسپاندنی ئەم خاڵانە و جێبەجێکردنی:
أ - گێڕانەوەی بڕێک لە پارەی پاشەکەوتکردن و لێبڕینی مووچەی مووچەخۆران و کردنەوەی ژمارە حساب بۆیان.
ب - پێدانی سلفەی هاوسەرگیری (زەواج) بە گەنجان.
پ - دابەزاندنی نرخی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تر.
ت - کەمکردنەوەی باج و ڕسوومات لەسەر کاسبکاران.
ج - دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان و دامەزراندنی دامەزراوەیەک بۆ ڕاوێژ و هەلی کار.
چ - یەکلاکردنەوەی کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کاتی و گرێبەست.
کۆتایی:
هەردوو لایەن پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ دروستکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، کە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی هاوسەنگی و باڵانسی هێز، دادپەروەری و بەهێزکردنی متمانەی هاوڵاتیان بەدامەزراوەکان دروستکرابێت و، کارکردنی هاوبەش بۆ داهاتوویەکی جێگیر و گەشەپێدراو لەپێناو خزمەتکردنی هاوڵاتیان.