وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کەسوکاری شەهیدان، ئەحمەد مام رەسوڵ سەردانی بەغدادیان کرد و لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەوە.
سەبارەت بە سەردانەکە ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان سێ شەممە، ٣٠ حوزەیران ٢٠٢٦، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لەو کۆبوونەوەیەدا کە سەرۆکی دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراقیش ئامادەی بوو، پرسی گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیکراوان و گیراوانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ سەر دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق و هاوتاکردنی مووچە و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان تاوتوێ کرا".
لە بارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە، ئەحمەد مام رەسوڵ وتویەتی "سەرۆک وەزیرانی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ داواکارییەکان دەربڕی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست، داوای هەندێک زانیاریی نوێی کردووە و بڕیارە دووبارە لەگەڵی کۆبینەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی ئاشکرایکرد کە بڕیارە ئەمرۆ چوار شەممە، سەردانی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن بۆ ئەو مەبەستە، تاوەکو لە ماوەیەکی نزیکدا رێکارەکان بکەونە بواری جێبەجێکردنەوەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ٢٥ هەزار و ٦١٨ زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراونەتەوە، لەو ژمارەیەش ٥ هەزار و ٢١٦ کەسیان ئێستا لە مووچە سوودمەند بوون ١٧ هەزار دۆسیەی دیکە ئامادەکراون، بەڵام هێشتا وردبینییان بۆ نەکراوە.