لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پرۆژەیاسای بودجەی بەرگریی ئەمەریکای بۆ ساڵی ٢٠٢٧ پەسەند کرد و تیایدا باس لەوە کراوە کە پنتاگۆن دەسەڵاتی دابینکردنی یارمەتی سەربازی بۆ هێزە خۆجێییەکان لە عێراق و سوریا دەبێت و ناوی هێزە کوردییەکان بە ڕوونی هاتووە و بە فەرمی وەک هاوبەشی ئاسایشی ناسراون.
کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا شەوی دوو شەممە، ٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦ ئەنجامدرا و تیایدا دوا پێداچوونەوەی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی بەرگریی کرد و ڕێکارە یاساییەکانی چۆنییەتی گفتوگۆکردنی پرۆژەیاساکەی لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دیاریکرد، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا پرۆژەیاساکە بخرێتە بەردەم تەواوی ئەندامانی ئەنجومەن بۆ گفتوگۆ و دەنگدان.
پرۆژەیاساکە پشتیوانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی دژە داعش لە عێراق و سوریا دووپات دەکاتەوە و هەندێک لە یارمەتییەکان درێژدەکاتەوە. لیژنەکە لە کاتی گفتوگۆدا دەیان هەمواری تاوتوێ کرد و لە کۆتاییدا دەقێکی یاسایی پەسەندکرد کە ماددەی (١٢٣٦) ـی یاسای بودجەی بەرگریی ساڵی ٢٠١٥ هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٧ درێژدەکاتەوە.
بەپێی ئەم ماددەیە، پنتاگۆن دەسەڵاتی دابینکردنی یارمەتی سەربازی وەک ڕاهێنان و چەک و تەقەمەنی و لۆجستیک و یارمەتی دارایی بۆ هێزە خۆجێییەکان لە عێراق و سوریا دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا ناوی هێزە کوردییەکان بە ڕوونی هاتووە و بە فەرمی وەک هاوبەشی ئاسایشی ناسراون.
چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا تەواوی کۆنگرێس دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە بدەن و ئەگەر پەسەند کرا پرۆژەیاساکە دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی پیران (سینات). پێشبینی دەکرێت قۆناغی هاوتاکردنی پرۆژەیاسای هەردوو ئەنجومەنەکە چەند هەفتەیەک بخایەنێت.