سیستانی: فڕێدانی پاشماوە بۆ ناو رووبارەکان تاوانێکی شەرعییە

مەرجەعی باڵای شیعەکان هۆشداری توند دەداتە هاوڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و فڕێدانی هەر جۆرە پاشماوەیەک بۆ ناو رووبارەکان بە "قەدەغە و تاوان" ناو دەبات.

نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەکان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندووە، فڕێدانی ئاوی ئاوەڕۆی چارەسەرنەکراو، پاشماوە رەقەکان، پاشماوە پزیشکییەکان و ماددە کیمیاییەکان بۆ ناو رووبارەکان کارێکی نادروستە. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ئەم کارە دەبێتە هۆی زیانی گشتی بۆ خەڵک، هەر بۆیە هەر کەسێک ئەنجامی بدات، لە رووی شەرعییەوە تاوانبارە و بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر ئەو زیانانەی بەو هۆیەوە دروست دەبن.

مەرجەعییەتی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە سەرپێچی ئەو یاسا و رێنماییانە بکرێت کە لەلایەن دامەزراوە تایبەتمەندەکانەوە بۆ پاراستنی ژینگە و ئاو دەرکراون. هەروەها داوای لە هاوڵاتییان کردووە کە بە حیکمەت و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن، چونکە پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتییەوە هەیە.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا، نووسینگەی عەلی سیستانی داوا لە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، رێگەی جێگرەوە و گونجاو بۆ رزگاربوون لەو پاشماوە پزیشکی و کیمیایی و ئاوەڕۆیانە دابین بکەن، نەک بڕژێنرێنە ناو سەرچاوە ئاوییەکانەوە.




PM:02:01:01/07/2026