بەڕێوەبەری سهنتهری پهرهپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ سەبارەت
بە بڕیاری دوورخستنەوەی د. عەبدوللەتیف سەلەفی پێیوایە لە رووی یاساییەوە لە
ئێستادا دوو لایەن دەتوانن سکاڵای یاسایی لەسەر ناوبراو تۆماربکەن و بیدەنە دادگا.
کارزان فازڵ بەڕێوەبەری سەنتەری دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) کە رێکخراوێکی سەربەخۆیەو چاودێری رەوشی مافی مرۆڤ و دیموکراسی لە
کوردستاندا دەکات، سەبارەت بە بڕیاری د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و
توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە دوورخستنەوەی د. عەبدوللەتیف سەلەفی، لە لێدوانێکی
تایبەتدا بە سپی راگەیاند "دیارە بەپێی یاسای ڕاژەی شارستانی ژمارە ١٤ی ساڵی
١٩٩١، جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان سزای فەسڵکردن و عەزلکردن (دوورخستنەوە)".
بە وتەی کارزان فازڵ "لە فەسڵکردندا؛ ماوە هەیە، و دەبێ
ئەو لایەنە کارگێڕییە ماوەی فەسڵکردنەکە دیاری بکات، کە لە سێ ساڵ زیاتر نییە. ئەکرێ
لەو ماوەیەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان، جۆری تاوانەکە کاریگەری هەبێت بۆ گەڕانەوەی کەسی
سزادراو. بەڵام لە عەزلکردندا؛ ئەو
مافە لە کەسی سزادراو دەسەندرێتەوە کە بۆ هەتاهەتایە بە هیچ شێوەیەک لە کەرتی گشتیدا
نابێت وەربگیرێتەوە".
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو کەسەی کە سزای فەسڵکردنی یان عەزلکردنی
بەسەردا دەسەپێنرێت، ئایا ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە؟ لە وتەکانی بەڕێوەبەری سهنتهری (DHRD) دەردەکەوێت کە هەریەک لەو خوێندکارانەی کە توشی زیانی کەسی بوون
و هەروەها سەرۆکایەتی زانکۆش دەتوانن سکاڵای یاسایی لەسەر د. عەبدوللەتیف تۆمار
بکەن.
کارزان فازڵ وتی
"ئەمە دەکەوێتە سەر جۆری کەیسەکە و جۆری ئەو سەرپێچییەی کە کراوە و لەسەری
سزادراوە. ئەگەر بابەتەکە مافی کەسی تر بێت، خەڵکی تر بێت، قوتابی تێدابێت، مامۆستای
تێدابێت، ئەو کەسانە بۆیان هەیە و دەتوانن ڕاستەوخۆ لە دادگاکانی لێکۆڵینەوە لە هەرێمی
کوردستان سکاڵا تۆمار بکەن".
سەبارەت بە لایەنی دیکە کە مافی سکاڵاکردنی هەبێت "لایەنی
دەرەکی واتە ئەو دامودەزگا و، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە، یان ئەو شوێنە گشتییەی کە ئەم مامۆستایە یان ئەم
فەرمانبەرە تێیدا کاری کردووە؛ ئەو شوێنەش ئەگەر هەست بکات زیانی بەرکەوتووە، ئەویش
وەک خۆی دەتوانێت وەک مافێکی گشتی سکاڵای لەسەر تۆمار بکات".
وتیشی "واتە بە هەردوو بارەکەدا ئەکرێ ڕووبەڕووی
دادگاش بکرێتەوە، و دەکەوێتە سەر ئەو لایەنانەی کە وەک باسم کرد زیانیان بەرکەوتووە،
هەر کەسێک بێت؛ ئینجا ئەگەر دامەزراوەکە بێت یان ئەگەر کەسی ئاسایی و سروشتی بێت".