دەستەی گشتیی خانەنشینی نیشتمانی لە عێراق بە فەرمی ڕایگەیاند
کە پڕۆسەی دابەشکردنی موچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازیی بۆ مانگی تەمووزی
٢٠٢٦ دەستیپێکردووە. سەرچاوەیەکیش ئاشکرایدەکات ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە
ئان و ساتدایە.
حوسام عەبدولستار، جێگری سەرۆکی دەستەکە ئاشکرای کرد کە بە
هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرمانگەی ژمێریاری، سەرجەم ڕێکارە داراییەکان بۆ خەرجکردنی
موچەکە تەواو کراون و پارەکە خراوەتە سەر ئەژمارە بانکییەکان، و داواش لە خانەنشینان
دەکات دوای گەیشتنی کورتەنامەی بانکی، سەردانی بانکە فەرمییەکان و بنکەکانی وەرگرتنی
نەختینە بکەن.
لەلایەکی دیکەوە و سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی
کوردستان بۆ مانگی حوزەیران، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایدەکات کە ناردنی پارەکە لە
ئان و ساتدایە و هیچ ڕێگرییەک لەبەردەم پڕۆسەکەدا نەماوە.
بە وتەی سەرچاوەکە "لە ئێستادا کۆنووسی تەمویلی موچەی
هەرێم بە تەواوی ئامادەیە و تەنها چاوەڕێی واژۆی تایبەتی وەزیری دارایی عێراق دەکات
بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بەشی ژمێریاری و تەمویلەکە دەستپێبکات".
بە پێی
زانیارییەکان پڕۆسەی ناردنی پارەکە ئەمڕۆ یان سبەینێ بە فەرمی جێبەجێ دەکرێت، و بەپێی
ڕێکارەکان بڕی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بە شێوازی مەقاسە لە کۆی گشتی موچەکە
دەبڕدرێت کە بڕەکەی ١٢٠ ملیار دینارە، بەو پێیەش ئەگەر سبەینێ موچەکە ڕەوانە نەکرێت،
ئەوا یەکشەممەی داهاتوو پارەکە دەگاتە وەزارەتی دارایی هەرێم.