لە نوێترین روونکردنەوەیاندا کە رۆژی چوار شەممە ١ی تەموز بڵاویانکردەوە، بنەماڵەی کەریم خانی برادۆست ئاماژە بە چۆنێتی پەیوەندی نێوان بنەماڵەکەیان و یەکێتی، لە ئایندەدا دەکەن.
لە روونکردنەوەکەدا بنەماڵەی کەریمی خانی برادۆستی دەڵێن" دوای دەست لەکار کێشانەوەی ڕێزدار "میر فیصل کەریم خان برادۆستی " لە ئەندامێتی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کە بەڕێزیان تەنها دەستی لە کاری حزبی وئۆرگانی لەڕیزەکانی یەکێتی کێشاوەتەوە".
لە بارەی ئایندەی پەیوەندی نوێی خۆیان و یەکێتی بە بنەماڵەکەوە، دەڵێن" ئەو پەیوەندییە مێژووییەی کە لە سەردەمی سەرۆک مام جەلال و میر کەریم خان بنیادنراوە بە پتەوی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت".
هەندێک پەیج و سایت لە بارەی پەیوەندی ئەو بنەماڵەیەوە لەگەڵ یەکێتی زانیاریان بڵاوکردۆتەوە، بنەماڵەی کەریمخان دەڵێن" چەند سایت و پەیج و ئەکاونتێکی بێ دایک و باوک نوسینی ئاست نزم و نەشیاو بڵاو دەکەنەوە لێرەوە ڕایدەگەیەنین؛ ئەو جۆرە بۆچوون و نوسینانەی بڵاودەکرێنەوە بەهیچ شێوەیەک گوزارش لە بۆچوونی میرانی برادۆست ناکات و لێی بەرپرس نین، میرانی برادۆست بەهیچ شێوەیەک جیاوازیان نەکردووە لەنێوان خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەموو عەشیرەتەکانیش بەتایبەتی و بەدڵنیاییەوە لە داهاتووش دا نایکەن".
هەفتەی پێشوو فەیسڵ کەریم خان کە سەرۆکی بنەماڵەی برادۆستییەکانە دەستی لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کێشایەوە، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی وەک ماڵپەڕی سپی لەکاتی خۆیدا بڵاویکردەوە، پەیوەندی بە قوڵبوونەوەی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی و داواکردنی پۆستی بەرپرسی دەزگای موخابەراتی عێراقەوە بوو بۆ فەیسەڵ کەریم خان کە مسۆگەر نەکرا.