دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ڕەوتی هەڵوێست لە پەرلەمانی کوردستان، بە فەرمی سکاڵایەکی یاساییان لە دژی عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتەکەیان تۆمار کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا هەڕەشەی لێکردبوون.
بەپێی زانیارییەکان، هەردوو پەرلەمانتاری ڕەوتی هەڵوێست (سارا موحسین) و (سازگار فایەق)، سکاڵاکەیان ئاراستەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان کردووە. هۆکاری یاسایی ئەم هەنگاوەش بۆ لێدوانێکی عەلی حەمەساڵح دەگەڕێتەوە کە تێیدا ڕایگەیاندبوو'' هەر پەرلەمانتارێکی ڕەوتەکە ئەگەر ڕێڕەوی سیاسیی خۆی بگۆڕێت یان جیاواز بیر بکاتەوە، ئەوا کەرامەتی دەشکێنن بە جۆرێک نەتوانێت بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگە."
ئەو دوو پەرلەمانتارە لە ناوەڕۆکی سکاڵاکەیاندا جەختیان کردووەتەوە کە ئەم وتانەی سەرۆکی ڕەوتەکەیان، تەنها هەڕەشەیەکی سادە نییە، بەڵکو پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە کە هەرێم پابەندە پێیانەوە.
تاکو ئێستا عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، هیچ وەڵام یان ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر ئەم سکاڵایە نەداوە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت دەستەی مافی مرۆڤ دەست بە لێکۆڵینەوەی فەرمی لە وردەکارییەکانی دۆسیەکە بکات.