مەهاباد.. گەنجێک لەسەر پۆشینی جلی کوردی دەکوژرێت

ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی هێرشی کەسێکی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لە شاری مەهاباد بڵاوکردەوە، کە تێیدا گەنجێک گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١ی تەممووزی ٢٠٢٦, کاتژمێر ٨:٠٠ی شەو، کەسێک بەناوی (نیما تەیمووری)، لە شاری مەهاباد بە بیانووی پۆشینی "جلوبەرگی خاکی" هێرشی کردووەتە سەر چەند هاووڵاتییەکی مەدەنی. لە ئاکامی ئەو هێرشەدا، گەنجێکی سێڤیل بەناوی سیاوەش ئەلەک گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

حیزبی دێموکرات ئاماژەی بەوەش کردووە، دوابەدوای ڕووداوەکە، جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم کەشێکی ترسێنەریان لە شارەکەدا دروستکردووە و پێشیان بە ئۆتۆمبێلی خەڵک گرتووە.

ئەمەش وایکردووە کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی مەهاباد لە بەردەم نەخۆشخانەی گشتیی شارەکە کۆببنەوە و بە گوتنەوەی دروشم، بێزاریی خۆیان لە بەرامبەر ڕەفتاری بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ناوەندی تەشکیلاتی حدکا وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سیاوەش ئەلەک، ئەو هێرشەی سەرانسەر مەحکوم کردووە و داوای لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت مەهاباد کردووە، کە لە بەرامبەر ئەزیەت و ئازاری هێزەکانی ڕێژیمدا بێدەنگ نەبن و یەکگرتووانە ڕووبەڕوویان ببنەوە.



PM:12:11:02/07/2026