دادگاى پێداچوونەوە سزاى لەسێدارەدانى عەجاجى پەسەندکرد

سەرۆکى دادگاى پێداچوونەوەى تاوانەکان ڕایگەیاند، بەتاوانى کۆمەڵکوژى دژى کورد، عەجاج ئەحمەد حەردان لە سێدارە دەدرێت، وتیشی "عەجاج چەندین تاوانى دژى مرۆڤایەتى لە نوگرە سەلمان ئەنجامداوە".

سەعد لامى، سەرۆکى دادگاى پێداچوونەوەى تاوانەکان، ئاماژەى بەوەشکرد، دۆسیەى عەجاج ڕەوانەى سەرۆککۆمار دەکرێت بۆ پەسەندکردنى سزاکە.

بەپێی بڕیاری دادگا، عەجاج بەرپرسیارە لە کۆمەڵکوژیی ١٠٦٨ کەس لە کوردانی ڕزگاربووی ئەنفال لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان. تاوانەکان بریتین لە کوشتنی دەستگیرکراوان لە ڕێگەی برسیکردن، تینوکردن و ئەشکەنجەدان تا مردن. هەروەها دۆسیەکە چەندین تاوانی دەستدرێژیی سێکس بۆ سەر ژنانی دەستگیرکراو، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی منداڵان و شاردنەوەی تەرمەکان لە گۆڕی بەکۆمەڵ لەخۆدەگرێت

سەعد لامی ئاشکرای کرد، دۆسیەی عەجاج حەردان ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی و دەرکردنی مەرسوومی کۆماری بۆ جێبەجێکردنی سزاکە. تاوانبارەکە پێشتر لە ڕۆژانی ٧ و ١٤ی ئایار دادگایی کرابوو و ماوەی ڕاگرتنەکەشی لە ٣٠ی تەموزی ٢٠٢٥ تاوەکو ١١٣ی ئایاری ٢٠٢٦ بووە.

لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە، سکاڵاکاران و داواکارانی مافی کەسی دەتوانن داوای قەرەبووی دارایی لە بەردەم دادگا مەدەنییەکان بکەن. ئەمەش دوای ئەوەی بڕیاری لەسێدارەدانەکە پلەی کۆتایی وەرگرت و مەرسوومی بۆ دەرچوو. هەروەها پارێزەرانی تاوانبارەکە مافی تانەدانیان هەبووە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا لە دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی.




PM:01:56:02/07/2026