سوپای تورکیا شەش گەنجی شیلادزێ دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر ئازاد دەکات

شیلادزێ، سپی میدیا

سەربازانی سوپای تورکیا لە سنووری قەزای ئامێدی، شەش گەنجی ناحیەی شیلادزێ دەستگیردەکەن و دوای شەو و ڕۆژێک لە ئەشکەنجەدان و سوکایەتیپێکردن، بە مەرجی نەگەڕانەوەیان بۆ ناوچەکە ئازادیان دەکەن.

کەمینێک لە پشتی چیای کوڕەژار

بەپێی زانیارییەکانی "سپی"، سەر لە بەیانی دوێنێ چوارشەممە ١ی تەمووزی ٢٠٢٦، شەش گەنجی دانیشتووی ناحیەی شیلادزێ، بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهاری و خۆڕسک، ڕوویان لە گوندەکانی (بێسەپێ و کوکەرێ) لە دەڤەری رێکان کردووە کە دەکەونە نزیک چیای کوڕەژار لە پشتی شیلادزێ. بەڵام لە کاتی بەڕێوەچوونیاندا، دەکەونە ناو کەمینێکی سەربازانی تورکیاوە و دەستبەسەر دەکرێن.

"ئەشکەنجەدان و هەڕەشەی کوشتن"

سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەربازانی تورکیا بە قۆنداغی تفەنگ، شەق و زلە بە شێوازێکی دڕندانە ئازاری ئەو گەنجانەیان داوە. دوای تێپەڕبوونی ڕۆژێک بەسەر ڕووداوەکە و ئەشکەنجەیەکی زۆر، دواجار ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێگەیان پێدراوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان، بەڵام هاوکات سوپای تورکیا هەڕەشەی توندی لێکردوون و پێیان ڕاگەیاندوون:

"ئەگەر جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ ئەم شوێنە، ئەوا ژیان بە چاوی خۆتان نابیننەوە و دەتانکوژین."

"بێبەزەیی بەرامبەر ئاژەڵەکانیش"

ڕەفتاری سەربازانی تورکیا تەنها گەنجەکانی نەگرتووەتەوە؛ بەڵکو هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ئێسترەش کە گەنجەکان بۆ گواستنەوەی بار لەگەڵ خۆیاندا بردبوویان. سەربازەکان بە قۆنداغی تفەنگ و بەرد ئازاری ئاژەڵەکەیان داوە، بە جۆرێک کە تەواوی جەستەی خەڵتانی خوێن کراوە.

شیلادزێ؛ قوربانی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکان

ناحیەی شیلادزێ یەکێکە لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیاوە گەورەترین زیانی پێگەیشتووە.




PM:03:37:02/07/2026