حیزبی دیموکرات: "شەش پێشمەرگەمان شەهید بوون"

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا "شەهیدبوون"ی شەش پێشمەرگەی خۆی لە شەرێک لەگەڵ هیزەکانی کۆماری ئیسلامی راگەیاند.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "لە تێکهەڵچوونی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی شاری ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هێزە دژی‌گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی پیرانشاردا شەش پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات شەهید بوون".

هەروەها هاتووە "لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا کە شەوی چوارشەممە، ١٠ی پووشپەڕ لە گوندی قزقەپان لە سێ کیلۆمیتری شاری پیرانشار ڕووی دا، شەش پێشمەرگە بە ناوەکانی کارۆ هۆرمزیاری، فەردین چەنگیزی، محەممەد خاکی، عەبدوڵڵا محەممەدپوور، توانا عوسمانی و محەممەدئەمین بایەزیدی شەهید بوون. ئەو دەستە لە پێشمەرگەکان لە کاتێکدا بۆ ئەرکێکی سیاسی و تەشکیلاتی ڕاسپێردرابوون، کەوتوونەتە کەمینی هێزێکی زۆر و کۆک‌وپۆشتەی سپای پاسداران".

ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێ "خوێنی گەشی ئەو پۆلە لە پێشمەرگەکانی شار کە لە ناوچەی پیرانشار لە پێناو ئازادیدا تێکەڵ بە خاکی نیشتمان بوو، هەوێنی سەرکەوتنی دواجاری خەباتی حیزب و نەتەوەکەمان بەسەر دیکتاتۆڕیی کۆماری ئیسلامییە. هاوکات پەنابردنی ڕێژیم بۆ سەرکوت و تێرۆر و تۆقاندن، تەنیا نیشانەی زەبوونی، داماویی زیاتر و پەلەقاژەی کۆتایی سیستمێکە کە لە لێواری ڕووخان دایە و لە ترسی تۆڵەی ڕۆڵەکانی نەتەوە، دەستی بۆ تاوانی قێزەون بردووە".

دیموکرات هەروەها دەنوسێت "ئێمە لە کاتێکدا سەری ڕێز لە ئاست تێکۆشان و فیداکاریی ئەو نەمرانە نەوی دەکەین، ڕادەگەیەنین خوێنی گەشی ئەم شەهیدانە خوێنبایی ئازادی و هەوێنی گەشەکردنی خەبات و سەرکەوتنی دواجاری گەلەکەمان بەسەر کۆماری ئیسلامی‌دایە و خەڵکی کوردستان و ڕۆڵە خەباتکارەکانی دیکەی نیشتمان ڕێگە نادەن خوێنی بەناحەق‌ڕژاوی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە بەفیڕۆ بچێ".




PM:04:13:02/07/2026