بەیاننامەی خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان سەبارەت بەکەیسی د. عەبدولەتیف

لە راگەیەنراوێکدا سەرجەم خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان سەبارەت بە کەیسی د. عەبدوللەتیف سەلەفی بەیاننامەیەک بۆ رای گشتی و تەواوی ناوەندە ئەکادیمی و میدیاییەکان بڵاودەکەنەوە.

لەبەیاننامەکەدا هاتووە "دوای ئەو ڕووداوانەی دوایی کە پەیوەست بوون بە مامۆستا (د. عبداللطیف أحمد - سەلەفی)، ئێمە وەک سەرجەم خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی، یاسایی و زانستیمانەوە، ئەم بەیاننامەیە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە".

هەروەها دەنوسن "لێرەوە، وەک دەنگی ڕاستەقینەی خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سلێمانی، بە پێویستی دەزانین پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆمان ئاراستەی ئەم لایەنە بەڕێزانەی خوارەوە بکەین، کە ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەریان هەبوو لە پشتگیریکردنی حەق و چەسپاندنی دادپەروەری لە ناوەندی زانکۆدا:

1. بەڕێز وەزیر و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: بۆ سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆ و هەڵوێستی یاسایی و لێبڕاوانەیان لەپێناو پاراستنی شکۆی زانکۆ و خوێندکاران.

2.بەڕێزان سەرۆکی زانکۆ و سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی سوپاسی خەمخۆریتان ئەکەین لەپای دڵسۆزیتان بەرامبەر بە خوێندکاران و زانکۆی سلێمانی

3. بەڕێزان لیژنەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی سلێمانی: بۆ بەدواداچوونی ورد، پیشەییبوون و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە لەسەر ئەم کەیسە بە شێوازێکی یاسایی و ئەکادیمی.

4 .سوپاسی هەموو ئەو کەس و رێکخراو لایەنانەی کە پشتیوان و پشتگیری ئەم کەیسە بون".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە "ئێمە وەک خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، دووپاتی دەکەینەوە کە حەق و ڕاستی هەمیشە سەر دەکەوێت و ناوەندی زانکۆ و کۆلێژەکەمان شوێنی پێگەیاندنی زانست و مەعریفە و بەها باڵاکان دەمێنێتەوە، و ڕێگا بە هیچ لادانێک لەم پرەنسیپانە نادرێت".




PM:05:51:02/07/2026