دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، سەرۆکی هەردوو حیزبە سیاسیەکە وردەکاری رێککەوتنەکەیان خستەروو.
پێنج شەممە، ٢ حوزەیران ٢٠٢٦، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند "شێوازێکی حوکمڕانیمان دەوێت کە جیاواز بێت لەوەی پێشتر هەبووە، بە ترس، تۆقاندن، گەندەڵی و ڕێزنەگرتن لە میللەت حکومەت ناڕوات بەڕێوە و ئەو کارانە دەبنە هۆی ڕووخانی حکومەت، داواش دەکەم لە ئەمڕۆ بەدواوە خەڵک چاوەڕوانی سیاسەتێکی دروست و جیاواز بن".
بافڵ تاڵەبانی ڕەخنەی لە بڕیارە سیاسییەکانی ڕابردوو گرت و وتی "لە دوای پڕۆسەی ڕیفراندۆمەوە دەیان بڕیار لە بابەتە چارەنووسسازەکاندا دراون کە هەموویان هەڵە بوون. هەروەها پێکهێنانی حکومەت زۆر دواکەوتووە".
"دەرگای 'هاوپەیمانی هاوسەنگی و بوژاندنەوە' بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان کراوەیە، بۆ ئۆپۆزسیۆن، حیزبە ئیسلامییەکان و تەنانەت پارتی دیموکراتی کوردستانیش کراوەیە بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لەم پرۆسەیە"، سەرۆکی یەکێتی وا دەڵۆێت.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسور عەبدولواحید لە بارەی واژۆکردنی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی رایگەیاند "ئەم ڕێککەوتنە سیاسییە دژی هیچ لایەنێک نییە و ئامانجی سەرەکی تەنیا بۆ خزمەتکردنی خەڵکە، ئەگەر بەرژەوەندی خەڵک بخەینە پێشەوە، ئەوا هەموو لایەک سەرکەوتوو دەبن، ئێستا کاتی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەیە کە بە هاوڵاتییانیان داوە".
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ هۆشداریی دا لە دۆخی ئێستا و وتی "هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە و ئەگەر فریای نەکەون، ئەم هەرێمە نامێنێت، ئەم ساتەی ئێستا پێویستی بە ئازایەتی بڕیاردان هەیە و دەبێت هەموو لایەنەکان لەسەر ئەم دۆخە هەڵوێستیان هەبێت".
"چیتر یەک لایەن پۆستی سەرۆکی حکومەت و هەموو پۆستەکانی لە دەست بێت، دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەرێمی کوردستان بە ئیرادەی خەڵک بەڕێوەببرێت نەک بە ئیرادەی بنەماڵەیەک"، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وا دەڵێت.
شاسوار عەبدولواحید ئاشکراشی کرد کە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر نووسینی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون، تاوەکو چوارچێوەی یاسایی بۆ حوکمڕانی دیاری بکرێت.