دانا تەقیەدین، یەکێک لە پارێزەرەکانی لاهور شێخ جەنگی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاشكرای دەکات کە "تیمی پارێزەران لە دادگای پیداچوونەوە سکاڵا لەسەر دادگای سلێمانی تۆمار دەکەین"، ئەگەر وەڵامیان نەدەنەوە.
پێنج شەممە، ٢ حوزەیران ٢٠٢٦، دانا تەقیەدین، یەکێک لە پارێزەرەکانی لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند "چەندین جار هەوڵمانداوە بە یاسا دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی بگوازینەوە بۆ هەولێر، بەڵام دادگای سلێمانی رەتیکردووەتەوە، بۆیە ئاگادارکردنەوەمان پێداون ئەگەر رێگا نەدەن دۆسیەکە رێکاری یاسایی خۆی وەربگرێت، ئەوە تیمی پارێزەران لە دادگای پێداچوونەوە (تەمیز) سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن".
بەپێی راگەیێندراوی تیمی پارێزەران، چوار پارێزەری سلێمانی (سامان حەمە ئەحمەد، سالار سەردار مەحموود، ئاریان بورهان سلێمان و ژینۆ ئیبراهیم کەریم) ئاگادارکردنەوەیەکیان ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی کردووە، تێی دا هاتووە، لە ٣١-٥-٢٠٢٦ سکاڵای ژمارە ٧ـیان دژی سەرۆکایەتیی دادگای تاوانەکانی سلێمانی/٢ تۆمار کردووە، بەڵام دادگا "بەبێ پاساوی یاسایی خۆی دەپارێزێت لە یەکلاکردنەوەی سکاڵاکە".