هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێ کوردستان (کەجەکە) راگەیاندراوێکی سەبارەت بە "پرۆسەی ئاشتی" و دەرچووانی یاسای تایبەت بە پرۆسەکە لەلایەن پەرلەمانەوە لە باکوری کوردستان و تورکیدا بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "دوای دیداری ٢٤ی ئایار، ئەو پێشنیازانەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردن، بڕیار بوو لە لایەن دەسەڵاتەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. ئەم هەڵسەنگاندنە دەبوو بە ڕێبەر ئاپۆ ڕابگەیەندرێت و ئەنجامەکانیشی بە تەڤگەری ئێمە ڕابگەیەندرێت. بەڵام تا ئێستا ئەم ڕێوشوێنە بەڕێوە نەچووە".
پێنج شەممە، ٢ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئەگەر لەگەڵ ڕێبەرێتیدا دیدار و گفتوگۆ نەکرێت، بۆچوونی تەڤگەرەکەمان وەرنەگیرێت و لەسەر ئەم بابەتە بگوترێت کە یاسایەک بە فڵان شێوە دەردەکرێت، لە ناوەڕۆکیدا فڵان شت دەبێت؛ ئەمە وەکو یارییەکە، وەکو سەپاندن، هەروەها وەکو پیلانگێڕییەک دەبینرێت. هەر خۆی نوعمان کورتولمووش لە لێدوانێکدا گوتی، یاسایەک دەردەکرێت، ئەوانەی دێن با بێن، ئەوانەی نەهاتن، ئەوەی پێویست بێت لە دژیان دەکرێت".
"لە ئێستادا وەک بڵێی ئامادەکاری بۆ شەڕێکی نوێ دەکرێت، سیاسەتێکی لەم شێوەیە پەیڕەودەکرێت. سەرۆکی میت ئیبراهیم کاڵن، تەنها وەکو سەرۆکی ڕێکخراوێکی هەواڵگری نا، بەڵکوو وەکو سەرۆکوەزیری حکومەتێک لە عێراق دەگەڕێت. ماوەی ڕابردوو لە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوادا کۆبوونەوەی لەم شێوەیە ئەنجامدرابوون. سەرۆکی میت چ کارێکی هەیە لە بەغدا، سلێمانی و هەولێر، چی دەکات؟ ئایا لە پلانی تەسفیە و هێرشی سەر تەڤگەری ئازادیدا خواستی ئەوە هەیە کە هەندێک ڕۆڵ بدرێتە ئەم هێزانە؟ بێگومان تەواوی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان پێویستە ئاگایان لە سیاسەتی لەم شێوەیە هەبێت. پێویستە قسە تاکلایەنەکانی تورکیا و ئەو تێڕوانینانە ببینرێت کە لە بەرژەوەندیی کورد نین"، کەجەکە وا دەڵێت.
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا کەجەکە جەخت دەکاتەوە کە "پێویستە ڕای گشتیی دیموکراتیک و گەلی ئێمە لە دژی ئەو نزیکایەتییانەی کە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تێکدەدەن هۆشیار بن، لە دژی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی تێکۆشانێکی کاریگەر بەڕێوە ببەن و بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان بەجێ بهێنن".
ڕاگەیاندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم شێوەیە:
"ماوەیەکە لە نێو ڕای گشتی و میدیایی تورکیادا گەنگەشە لەسەر یاسای چوارچێوە دەکرێت. لە ڕاگەیاندنەکاندا بەو شێوازە هەڵسەنگاندن دەکرێت کە لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆدا ناگونجێت، هەروەها بە پێچەوانەی ئەوەوەیە. دواجار، ئەو پێشنیازانەی کە ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٤ی ئایاردا لە ئیمراڵی پێشکەشی کردن و ئەو دیدارانەی کە شاندی دەم پارتی لەگەڵ بەرپرسانی ئاکەپەدا ئەنجامیان دان، وەک ئەوەی شتێکی نوێ بن نیشان دران. لە کاتێکدا لە ٢٤ی ئایارەوە تا ئێستا هیچ دیدارێک لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجام نەدراوە. دوای دیداری ٢٤ی ئایار، ئەو پێشنیازانەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردن، بڕیار بوو لە لایەن دەسەڵاتەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. ئەم هەڵسەنگاندنە دەبوو بە ڕێبەر ئاپۆ ڕابگەیەندرێت و ئەنجامەکانیشی بە تەڤگەری ئێمە ڕابگەیەندرێت. بەڵام تا ئێستا ئەم ڕێوشوێنە بەڕێوە نەچووە. لەبەر ئەوە، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەک یان ڕووداوێک نەقەوماوە کە شایەنی هەڵسەنگاندن بێت. لە بابەتێکی مێژوویی و گرنگی ئاوادا، گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە و تەڤگەری ئازادیشمان لەم ماوەیەدا هیچ زانیارییەکی بەدەست نەگەیشتووە.
تەڤگەری ئازادیمان، هەمیشە دڵسۆزی پڕۆسەکەی ڕێبەر ئاپۆ بووە و هەموو جۆرە هەوڵدانێکی پێویستی جێبەجێ کردووە. بۆ چارەسەری سیاسی و دیموکراتیکی پرسەکان، ئێمە بە لایەنی جیاوازەوە هەوڵمان دا و هەنگاوی گرنگیشمان هاوێشت. بۆ دەرکردنی ئەو یاسا ئازادییانەی کە سیاسەتی دیموکراتیکی بە شێوازێکی ئازاد تێدا بکرێت، ئێمە پشتبەستووی ئەو هەوڵانە بووین کە لەم بابەتەدا دران. لەم چوارچێوەیەدا، تەنانەت ئەگەر بە کەم و کوڕیشمان بپێوایە، دیسان ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، ئاشتی و خوشک-برایەتیمان بە ئەرێنی بینی.
پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە. بۆ ئەوەی کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پڕۆسەکە و دیالۆگەکانی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا نەبێت، وەک تەڤگەر بە ڕاستمان نەزانی کە بەردەوام لێدوان بدەین. بەڵام ئەو سیاسەت، لێدوان و هەڵسەنگاندنانەی ماوەی دوایی کە دەکرێن، ئەو پێویستییەیان خوڵقاند کە بە ڕاگەیاندراوێک بۆچوونەکانی خۆمان لەگەڵ ڕای گشتیدا بەش بکەین.
ئەگەر لەگەڵ ڕێبەرێتیدا دیدار و گفتوگۆ نەکرێت، بۆچوونی تەڤگەرەکەمان وەرنەگیرێت و لەسەر ئەم بابەتە بگوترێت کە یاسایەک بە فڵان شێوە دەردەکرێت، لە ناوەڕۆکیدا فڵان شت دەبێت؛ ئەمە وەکو یارییەکە، وەکو سەپاندن، هەروەها وەکو پیلانگێڕییەک دەبینرێت. هەر خۆی نوعمان کورتولمووش لە لێدوانێکدا گوتی، یاسایەک دەردەکرێت، ئەوانەی دێن با بێن، ئەوانەی نەهاتن، ئەوەی پێویست بێت لە دژیان دەکرێت. بڕیارێکی پەیوەندیدار بەم ڕێکخستنەوە بە شێوەیەکی یەکگرتوو دەردەکرێت و بە کۆدەنگی و یەکگرتووییش جێبەجێ دەکرێت. تەڤگەری ئازادیمان تەنها یاسا و هەنگاوی یەکگرتوو و جددی لەبەرچاودەگرێت. ئەگەر نا مامەڵەی؛ بەشێک دێن، بەشێک نایەن، نابێت. کێشەکە تەنها چەکدانانی شەڕڤانان نییە. بێگومان هەڵوێست لە بەرانبەر شەڕڤان و بەڕێوەبەرانی ئەم تەڤگەرەش یەکێکە. نیشاندانی مامەڵەیەکی جیاواز دەبێتە هۆی تێکدانی ئەم پرۆسەیە.
وەکو تەڤگەری ئازادی، ئێمە لە کۆنگرەی دوانزەمیندا بڕیارماندا کە پرۆسەی کۆتاییهێنان بە هەموو کار و چالاکییەک و چەکدانان لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێوەببرێت. ڕێبەر ئاپۆش تەنها لەناو هەلومەرجی کارکردنی ئازاددا دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بەڕێوەبەرێت. گەلەکەمان و تەڤگەرەکەمان لە سەرەتاوە ڕایگەیاندووە کە سیاسەت و پراکتیکێک بەبێ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، بەبێ ڕەخساندنی هەلومەرجی کارکردنی ئازاد، قبووڵ ناکات. تاوەکو مامەڵەیەکی ئەرێنی لە پێگەی ڕێبەر ئاپۆدا نیشاننەدرێت و لەم چوارچێوەیەدا هەنگاو نەنرێت، کەس ناتوانێت بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە جێبەجێ بکات.
گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبەرێتی و پەیوەندی لەگەڵ ئێمەدا بۆ ئەوەیە کە هەڵوێست و سیاسەتێکی یەکگرتوو بئافرێنرێت. ئەگەر نا گوتنی 'یاسایەک دەردەکەین، ئەوانەی دێن با بێن، ئەوانەی نایەن با نەیەن' نابێت. ئایا لەم پرۆسەیەدا داخواز و گەڕان بۆ چارەسەرییەک هەیە، یاخود خواستی ئەوە هەیە کە سەر لە کۆمەڵگە بشێوێنرێت؛ یاخود لە دژی تەڤگەری ئازادی شەڕێکی تایبەت بەڕێوەدەبرێت؟ ئەگەر یاسایەکی هاوشێوەی یاسای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەربکرێت و مامەڵەیەکی چارەسەریی دیموکراتیکی یەکپارچە نیشاننەدرێت، نە گەلەکەمان، نە کۆمەڵگەی ڕێکخستنمان قبووڵی دەکات. هەر بۆیە ئەگەر خواستی ئەوە هەیە کە پرسی سەدساڵە، پرسەکانی دابڕان و شەڕی ٥٠ ساڵە چارەسەر بکرێت، پێویستە مامەڵە و تێڕوانینێکی ڕاست نیشان بدرێت.
لە ئێستادا وەک بڵێی ئامادەکاری بۆ شەڕێکی نوێ دەکرێت، سیاسەتێکی لەم شێوەیە پەیڕەودەکرێت. سەرۆکی میت ئیبراهیم کاڵن، تەنها وەکو سەرۆکی ڕێکخراوێکی هەواڵگری نا، بەڵکوو وەکو سەرۆکوەزیری حکومەتێک لە عێراق دەگەڕێت. ماوەی ڕابردوو لە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوادا کۆبوونەوەی لەم شێوەیە ئەنجامدرابوون. سەرۆکی میت چ کارێکی هەیە لە بەغدا، سلێمانی و هەولێر، چی دەکات؟ ئایا لە پلانی تەسفیە و هێرشی سەر تەڤگەری ئازادیدا خواستی ئەوە هەیە کە هەندێک ڕۆڵ بدرێتە ئەم هێزانە؟ بێگومان تەواوی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان پێویستە ئاگایان لە سیاسەتی لەم شێوەیە هەبێت. پێویستە قسە تاکلایەنەکانی تورکیا و ئەو تێڕوانینانە ببینرێت کە لە بەرژەوەندیی کورد نین. ئایا تورکیا لەبری چارەسەرکردنی پرسی ناوخۆیی خۆی، دوای بڕیاری حکومەتی عێراق لەسەر هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی سوپای عێراق پلانی ئەوەی هەیە کە هێرش بکاتە سەر تەڤگەری ئازادی؟ دەزانرێت کە لەگەڵ ئێرانیشدا کۆبوونەوەی لەم شێوەیە کراوە. ئەگەر دەوڵەتی تورک پلانی لەم شێوەیەی هەبێت، ئێمە لەو باوەڕەداین کە پێویستە عێراق قبووڵی نەکات.
ئێمە دەمانەوێت ئەمە بە ئاشکرا دەستنیشان بکەین؛ نە ڕێبەر ئاپۆ و نە تەڤگەری ئازادیشمان، هیچ سەپاندنێک قبوڵ ناکەن. بە وتنی 'یاسامان دەرکرد، قبوڵی ناکەن'، هەڵسەنگاندن و فەرزکردنی سیاسەتی شەڕی تایبەت، دەبێتە نزیکایەتییەکی دوور لە عەقڵ. ئەمە دەبێتە بەردەوامیدان بەو سیاسەتانەی کە سەد ساڵە هیچ ئەنجامێکیان نەبووە و گەلی کورد و تورکیا لە یەکدی دادەبڕن. لەبەر ئەوە، پێویستە جددییەت و بەرپرسیارێتی هەبێت لە مامەڵە بەرامبەر بە ڕێبەر ئاپۆ و بەرامبەر بە تەڤگەری ئازادیشمان.
وەک تەڤگەری ئازادی، ئێمە خاوەنی ئەو ئیرادە و پێداگرییەین کە کەشی شەڕ و دابڕانی پەنجا ساڵە لەناو ببەین، لەسەر بنەمای چارەسەری سیاسیی دیموکراتیک، ئێنتیگراسیۆنی دیموکراتیک لەگەڵ تورکیادا پێکهێنین و تێڕوانینێکی سیاسیی لەم شێوەیە بخەینە بواری کردارییەوە. بۆ دەوڵەتی تورکیاش، ئەمە بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە کە بۆ بەدیهاتنی ئەم ئیرادە و پێداگرییەی ئێمە، وە بۆ جێبەجێکردنی ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک، بە سیاسەت و هەنگاوەکانی خۆی ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی بەجێ بهێنێت.
پێویستە ڕای گشتیی دیموکراتیک و گەلی ئێمە لە دژی ئەو نزیکایەتییانەی کە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تێکدەدەن هۆشیار بن، لە دژی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی تێکۆشانێکی کاریگەر بەڕێوە ببەن و بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان بەجێ بهێنن".