"دۆسیەکەی عەلی حەمەساڵح دەنێردرێتە داواکاری گشتی"


وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان، سلێمان موحسین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت "دۆسیەکەی عەلی حەمەساڵح دەنێرینە داواکاری گشتی".

پێنج شەممە، ٢ تەمووز ٢٠٢٦، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند "بە شێوەیەکی فەرمی سکاڵای هەردوو پەرلەمانتارەکەی ڕەوتی هەڵوێستیان وەرگرتووە و لە چوارچێوەی یاسادا دۆسیەکە دەنێرنە بەردەم داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان بۆ گرتنەبەری سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان".

سلێمان موحسین  وتیشی "پێویستە سەروەریی یاسا لە هەرێمەکەدا باڵادەست بێت نەک زمانی توندی هەڕەشەکردن"، هەروەها ئاماژەی بە ماددەی ٤٣٠ لە یاسای سزادانی عێراقی کرد و ڕوونکردنەوەی دا کە پێشتر پشتیوانیی لە خودی عەلی حەمەساڵح کردووە و ئێستاش بە هەمان بێلایەنییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی پەرلەمانتارەکاندا دەکەن.

ئەم ناکۆکییە ناوخۆییانەی نێوان سەرکردایەتی ڕەوتی هەڵوێست کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دامەزراوە، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و لەسەر شێوازی سوێندخواردنی یاسایی و دیاریکردنی ئاراستەی سیاسیی پەرلەمانتاران لە ناو پەرلەمانی کوردستاندا بە شێوەیەکی بەرچاو سەری هەڵداوە.




PM:11:42:02/07/2026