رژێمی ئێران خۆپیشاندەرێکی کوردی لە سێدارەدا و هەمان بڕیاریان بۆ ٥ کەسی دیکە دەرکرد


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران سەبارەت بە شەپۆلی لەسێدارەدان و سەرکوتەکان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.

هەینی، ٣ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راپۆرتەکەدا هاتووە "لە بەردەوامیی شەپۆلی سەرکوتەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە، ئەشکان مالیکی، گەنجێکی کوردی خەڵکی شارۆچکەی قوروە لە پارێزگای سنە ڕۆژی ڕابردوو لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بە شێوەیەکی نهێنی و بێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکەی لەسێدارە دراوە".

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژەی بەوەشکردوە کە "پێنج بەندکراوی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە لە شاری مەحەلات لە پارێزگای مەرکەزی بە ناوەکانی عیرفان خەلیلی، عەلی ئەکبەر مەحلوجی، حیسام عیسایی، حوسێن شوکوهی و قاسم ئەسڵانی، بە تۆمەتی موحارەبە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و تەنها ١٠ ڕۆژ دەرفەتی پێداچوونەوە بە سزاکەیان بۆ دیاری کراوە".

ئەو رێکخراوە جەخت دەکاتەوە کە ڕژێمی ئێران پڕۆسەی دادگاییکردن و جێبەجێکردنی خێرای سزای لەسێدارەدانی دژ بە چالاکوانانی کورد و نەتەوەکانی تر بە توندی دەستپێکردووە.

هاوکات تۆڕی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی بەلوچستان بڵاویکردەوە، لە شەش مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٩٢ هاووڵاتیی بەلوچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان یان تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە کە لە ناو قوربانیانی بەلوچدا ١١ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ و چەندین ژن هەن کە بەهۆی هەڵکوتانە سەر ماڵان و ناڕەزایەتییەکان گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون، هەر لەو ماوەیەشدا زیاتر لە ٤٣٤ هاووڵاتیی بەلوچ دەستبەسەر کراون.




AM:09:56:03/07/2026