پژاک هەڵوێستی خۆی بەرامبەر هێرشەکانی ئێران راگەیاند


پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) راگەیاندراوێکی سەبارەت بە زیادبوونی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر هێز و پارتە سیاسیەکانی کوردستان بڵاوکردەوە.

هەینی، ٣ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی پژاکدا هاتووە "دوای ئیمزاکردنی لێکگەیشتننامەی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا، ڕژێم کە ئێستا بە تەواوی کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسدارانەوە، هەوڵ دەدات ڕاگرتنی شەڕ وەک دەرفەتێک بۆ توندکردنەوەی هێرشە سەرکوتکارییەکانی دژی خەڵکی ئێران (لە ڕێگای سێدارەدان، زیندانیکردن و دەستگیرکردنی بەربڵاو) و بەتایبەت دژی گەلی تێکۆشەری کورد بەکار بهێنێت".

پژاک ئاماژەی بەوەشکردوە کە ئێستا "شەڕی درێژخایەنی ڕژێمی دەسەڵاتدار دژی کۆمەڵگاکانی ئێران، چووەتە قۆناغێکی زۆر توندتر و خوێناویترەوە، ڕژێم لە هەوڵدایە لە ڕێگای کۆمەڵکوژی، سێدارە و تۆقاندنەوە حکومەتی نیزامیی تیرۆر بسەپێنێت و ئیرادەی گەلانی ئێران بە تەواوی تێکبشکێنێت و هەموو داینامیزمەکانی بەرخۆدان لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان دا لەناو ببات".

لە راگەیاندراوەکەی پژاکدا باس لەو هێرشانە کراوە کە کراوتە سەر هێزە کوردییەکان، وەک "هێرشکردنە سەر هەڤاڵانی ئێمە لە مەریوان، هەڵکوتانە سەر هەڤاڵانی ئێمە لە بانە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ (درۆنی ئینتحاری)، ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە چەکی قورس دژی هەڤاڵانی ئێمە لە مەهاباد کە بووە هۆی شەهیدبوونی ٤ کەس لە هەڤاڵانی گەریلای ئێمە، کەمین‌دانان و پیلانگێڕی دژی هەڤاڵانمان لە سەردەشت، هەڵکوتانە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە پیرانشار و شەهید کردنی ٦ پێشمەرگە، کوشتنی گەنجی کورد، "سیاوەش ئەلەک" لە مەهاباد لەلایەن بەکرێگیراوانی حکومەتەوە".

پژاک بە ٥ خاڵ کۆتایی بە راگەیاندراوەکەی هێناوە و دەڵێت "لە دۆخێکی وەهادا بە پێویستی دەزانین کە ڕای گشتی لە هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی پارتەکەمان لەم قۆناغەدا ئاگادار بکەینەوە:

١- ئێمە لە چوارچێوەی مافی بەرگریی ڕەوادا و بە دروشمی "بەرخۆدان ژیانە"، لە بەردەم هەر چەشنە هەڵکوتان و هێرشێکی سەرکوتکارانە و کۆمەڵکوژانەدا دەوەستینەوە و بەرگری لە خۆمان و گەلەکەمان بە مافێکی زاتی و حاشاهەڵنەگر دەزانین.

٢- بەمەبەستی لەقاودان و ئاشکراکردنی بێبنەمابوونی بانگەشەکانی ڕژێم سەبارەت بە گرێدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان بە دەوڵەتانی دەرەکی و لەقاودانی بەڵگە بێبنەماکانی کۆماری ئیسلامی، ڕایدەگەیەنین کە تێکۆشانی پارتەکەمان  سەربەخۆیی فکری و کرداری وەک پێوەری بنەڕەتیی خۆی پابەند بووە و دەبێت.

٣- هێزەکانی گەریلای پارتەکەمان لە تەواوی ئەم ماوەیەدا لە پێگەی بەرگریی ڕەوادا بوون نەک لە پێگەی هێرشدا. ڕایدەگەیەنین کە وێڕای پاراستنی مافی بەرگری لە خۆ، ئەم دۆخە دەپارێزین و لایەنگری پەرەسەندنی شەڕێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا نین؛ چونکە پێمانوایە کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدایە بە بیانووی شەڕ، پاساوی سەرکوتکارییە ناوخۆییەکانی خۆی بکات.

٤- ئێمە هێرشەکانی ڕژێم دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و گەلی خۆمان بە توندی سەرکۆنە دەکەین و ئەم کردەوانە بە نموونەی ئاشکرای تیرۆریزمی دەوڵەتی دەزانین. بەم بۆنەیەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەڤاڵانی شەهیدمان لە مەهاباد و هەموو وڵاتپارێزان دەکەین و پابەندبوونی خۆمان بە ڕێڕەوی ڕێبازی ئامانجە باڵاکانی شەهیدانمان دەردەبڕین، هەروەها هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی پێشمەرگە شەهیدەکانی حیزبی دیموکرات و هاوسەنگەرانیان دەکەین.

٥- کۆماری ئیسلامی لە پێناو سەرکوتکردنی کۆمەڵگادا، دەستی خاینان و بەکرێگیراوانی خۆی بۆ ئازار، سووکایەتی و کۆمەڵکوژیی گەلەکەمان ئاوەڵا کردووە. ئەم کردەوانە بەشێکن لە سیاسەتی تۆقاندنی ڕژێم و وێنەی ڕاستەقینەی تیرۆریزمن. کوشتنی سیاوەش ئەلەک، گەنجی بێتاوانی مەهابادی، کردەوەیەکی تیرۆریستی و بەشێکە لەو توندوتیژییە سیستەماتیکەی دەوڵەت دژی کۆمەڵگای ئێمە".




PM:12:54:03/07/2026