عێراق و تورکیا پرۆتۆکۆلێکی نوێیان بۆ بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوت واژۆ کرد

ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیا لەسەر پرۆتۆکۆلێکی نوێ ڕێککەوتوون بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان.''

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ڕوونیکردەوە کە ئەمڕۆ ٣ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیا پرۆتۆکۆلێکی کاتییان واژۆ کردووە بۆ بەردەوامبوونی هەناردەی نەوتی عێراق و کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێم - جەیهانەوە.

ئامانج لەم پرۆتۆکۆلە کاتییە، ڕێگەخۆشکردنە بۆ ئامادەکردن و واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێی درێژخایەن بۆ هەناردەی نەوت، کە پێشبینی دەکرێت پڕۆسەی ئامادەکردنی ئەو ڕێککەوتنە نوێیە یەک ساڵ بخایەنێت.

 ڕێککەوتنی پێشووی بۆریی نەوتی خاو بۆ یەکەمجار لە ٢٧ی ئابی ١٩٧٣ لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە واژۆ کرابوو، کە بەپێی بڕیارێکی پێشووی حکومەتی تورکیا، بڕیار بوو لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٦ کۆتایی پێبێت، بەڵام ئەم پرۆتۆکۆلە نوێیە ڕێگری لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت دەکات.



PM:05:22:03/07/2026