بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی
وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی گرنگ ئەنجام بدات، كە تێیدا بڕیاری كۆتایی لەبارەی
ناردنی ١٢٠ ملیار دینارەكە دەدرێت و بەپێی ئەنجامی كۆبوونەوەكە، پرۆسەی خەرجكردنی
موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات.
لە كاتێكدا فالح ساری،
وەزیری دارایی عێراق، پێشنیاری كردووە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بە شێوازی "موقاسە” لەو
داهاتەی مانگانە بۆ هەرێم دەنێردرێت ببڕدرێت، بەڵام شاندی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكانیان
لە بەغدا ڕەتیان كردووەتەوە پابەند بن بەو پێشنیارە و بەو هۆیەشەوە ناردنی مووچە لە
هەفتەی ڕابردووەوە بۆ ئەم هەفتەیە دواخراوە.
هەفتەی ڕابردوو شاندێکی
حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کرد و بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی موچە و
گومرگ، سێ پێشنیازی خستە بەردەم حکومەتی فیدراڵی، کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی
ئەمڕۆدا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و بڕیاریان لەسەر بدرێت.
شاندی هەرێمی
كوردستان جەختیان كردووەتەوە كە مانگانە نیوەی داهاتی نانەوتی خۆیان ڕەوانەی بەغدا
دەكەن، بەڵام وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندووە كە دەبێت هەرێم بەپێی بڕیاری پێشووی
ئەنجومەنی وەزیران پابەند بێت بە ناردنی ١٢٠ ملیار دینارەكە. فالح ساری ئاماژەی بەوەش
كردووە، هەر گۆڕانكارییەك لەو بڕە پارەیەدا پێویستی بە بڕیارێكی نوێی ئەنجومەنی وەزیرانی
عێراق دەبێت.
لە پێشنیازێکی دیکەشدا،
شاندەکەی هەرێم داوای هاوتاکردنی موچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم لەگەڵ
شەهیدانی حکومەتی عێراق کردوە.
لەسەر پێشنیازی سێیەم
کە تایبەتە بە سیستمی ئەسیکودا، بەغدا دوو مەرجی خستووەتە بەردەم هەرێم؛ یەکەمیان
پێدانی پێشوەختەی باجی بازرگانانە لە بەغدا نەک لە هەرێم، کە ئەمەش وای کردووە
بازرگانان ڕوو لە خاڵە سنوورییەکانی دیکەی عێراق بکەن، دووەمیشیان ڕێگەدانە تەنها
بە هاوردەکردنی دەرمان و خۆراک.
لەو چوارچێوەیەدا شاندی هەرێم داوای لابردنی ئەو
دوو مەرجە قورسەی کردووە، چونکە هۆکارن بۆ زیاتر دابەزینی داهاتی ناوخۆی هەرێم.