وەزارەتی دارایی و ئابوری روونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بەشێک لە میدیاکان و پەیج و سۆشیال میدیاوە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە و دەربڕینی ناڕاست بۆ دواین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد دەکەن و هەندێکیان دەڵێن شاندەکە داوای دواخستنی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەو هەڵمەتی درۆ و ڕیاکارییە ڕایدەگەیەنین".
شەممە، ٤ تەمووز ٢٠٢٦، لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "هەرکەس و لایەن و میدیا و پەیجێک باسی ئەوەی کردبێت کە گوایە شاندی هەرێم داوای نەناردنی مووچەی کردبێت ڕاست ناکات و درۆیەکە و شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی پابەندە بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە کە مووچەی بەدەرکردووە لە هەموو کێشە و بابەتێکی سیاسی و تەکنیکی و هتد.. بۆیە ئەو قسانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نییە".
وەزارەتی دارایی وتوشیەتی کە "ڕوونیدەکەینەوە ئەرکی دواین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد پەیوەست بووە بەچەند پرسێکەوە لەوانەیە:
١- کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئاسیکۆدا.
٢- کێشەکانی تایبەت بە باج و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان.
٣- کێشەکانی تایبەت بە لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەم و پرسی کوالیتی کۆنترۆڵ.
"هەرچی پەیوەستە بە بابەتی داهاتی ناوخۆ، لە کۆبوونەوەیەکی لاوەکیدا شاندی هەرێم لە گەڵ بەڕێز وەزیری دارایی عێراق لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆیان کردووە و شاندەکە داوای کردووە بەپێی یاسای بوودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی مامەڵە لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکرێت، واتە لە ( ٥٠٪ ) داهاتە ناوخۆییەکان بدرێتە حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە"، وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.
لە کۆتایی رونکردنەوەکەیدا وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکردوە کە "بەوپێیەی کە هەمیشە داهات تا کۆتایی مانگ کۆنابێتەوە، بە شێوەیەکی ئاساییش ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە بەپێی یاسا دەکەوێتە دە ڕۆژی مانگی دواترەوە، کە داهات تا کۆتایی مانگ کۆنەبێتەوە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش دەرنەچێت ،داهات و خەرجی مانگانە بەردەست نابێت ، چۆن دەکرێت بەو بیانووە مووچە ڕابگیرێت و دوابخرێت".