ئاکرێ.. ١٥ رۆژە منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵ ونبوە و "گومان دەکرێت باوکی رفاندبێتی"

‌وێنەی منداڵە ونبوەکە

وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ، عیماد حوسێن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە ونبوونی منداڵیکی تەمەن ٣ ساڵ خستەڕوو و دەڵێت "دایکەکە دەڵێ، گومانی هەیە مێردەکەی منداڵەکەیانی رفاندبێت".

شەممە، ٤ تەمووز ٢٠٢٦، وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند "نزیکەی ١٥ رۆژ پێش ئێستا خێزانێکی دانیشتووی هەولێر بۆ سەیران چوونەتە سەر زێی چەمە، سەرلەئێوارە منداڵەکەی دیار نامێنێ،  دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ، بۆ ماوەی ٦ رۆژ لەناو زێی چەمە لە سنووری بەردەڕەش گەڕان بەدوای منداڵەکە دا بەردەوام بوو، بەڵام هیچ سەرەداوێک دەستنەکەوت".

عیماد حوسێن، باسی لە گۆڕینی ئاراستەی رووداوەکە کردوە و  وتی "چوار شەممەی رابردوو، ١-٧-٢٠٢٦ دایکی منداڵەکە هاتووەتە بنکەی پۆلیسی رۆڤیا و سکاڵای لەسەر مێردەکەی تۆمارکردووە. دایکەکە دەڵێ، گومانی هەیە مێردەکەی منداڵەکەیانی رفاندبێت".

"ئێستا بەپێی مادەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ باوکی منداڵەکە دەرچووە، بەڵام خۆی ون کردووە، تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە، گەڕان بەدوایدا بەردەوامە و لە زووترین کاتدا دەستگیردەکرێت"، وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ وا دەڵێت.

منداڵەکە ناوی بەسام رەوا عەبدولقەهارـە و تەمەنی ٣  ساڵە، خێزانەکەی دایک و باوکی ئێستاش پێکەوە دەژین و دانیشتووی شاری هەولێرن و لە ٢٦ـی مانگی رابردوو منداڵەکەیان لێ ون بوو.




PM:06:29:04/07/2026