کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری و چالاکوانانی مەدەنی لە سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش و بەپەلەدا، هێزە ئەمنییەکانی شارەکەیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تۆمەتبار کرد بە ڕفاندن و بێسۆراغکردنی بەرپرسی لقی سلێمانیی ڕێکخراوەکەیان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، (بەهادینی حاجی بەکری دارتاش) بەرپرسی کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکارییان لە سلێمانی ڕفاندووە و بێسۆراغیان کردووە، ئەمەش تەنها چەند کاتژمێرێک پێش سازکردنی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی بڕیارلێدراو کە بڕیار بوو کاتژمێر ٥:٣٠ی ئێوارە لە (باخی گشتی) بەڕێوەبچێت بە مەبەستی پشتگیریکردن لە هەڵمەتی دژە گەندەڵی و چاکسازییەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە'' هێزە ئەمنییەکان بە تەواوی بەرپرسیارن لە ژیان و سەلامەتیی ئەم بەرپرسەیان و داوایان کردووە دەستبەجێ ئازاد بکرێت، چونکە ئەم جۆرە ڕەفتارانە و بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکان کە داوای چاکسازی دەکەن، پێشێلکارییەکی ڕوونی مافە دەستوورییەکانە و زیان بە ئارامی و سەقامگیریی شاری سلێمانی دەگەیەنێت.''