بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی
هەولێر رایگەیاند هەر یەک لە خورشید هەرکی و براکەی، بە تۆمەتی "کوشتنی پێشمەرگەیەک،
هاونیشتمانیییەک و نانەوەی ئاژاوەگێڕی و چەندین تۆمەتی دیکە"، دەستگیرکراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە
هێزێکی پۆلیس، خورشید هەرکی و براکەیان لە سنووری شارۆچکەی خەباتی پارێزگای هەولێر
دەستگیرکرد.
رۆژی یەکشەممە، ٥ی
تەموزی ٢٠٢٦ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر راگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە
و رایگەیاند، دوای هەبوونی سکاڵای یاسایی و لەسەر فەرمانی دادوەر، هەردوو تۆمەتبار
(خورشید لەتیف و حەیدەر لەتیف) لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکران.
پۆلیسی هەولێر لەبارەی
تۆمەتی سەر ئەو دوو کەسە دەڵێت: "لە ماوەی رابردوودا بوونەتە هۆکاری ئاژاوەگێڕی
و کێشە، دەستدرێژییان کردووەتە سەر موڵک و ماڵی هاوڵاتییان و موڵکی گشتی، هەروەها
تۆمەتبارن بە شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاوڵاتییەک و سوتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی
پێشمەرگە."
هەر لە راگەیەندراوەکەدا
هاتووە، ئەو دوو تۆمەتبارە کاریان بۆ "هاندانی خەڵک دژی یاسا و سەقامگیریی
گشتی، رێگریکردن لە پڕۆژە حکومییەکان و هەڕەشەکردن لە تێکدانی ژێرخانی ئابووری"
لە شوێنە جیاجیاکانی قەزای خەبات کردووە.
پۆلیسی هەولێر جەخت لەوە
دەکاتەوە کە لە ماوەی داهاتوودا هەردوو ناوبراو لەسەر ئەو تاوانانەی دراونەتە پاڵیان،
رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و دەشڵێت: "هاوڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە سەروماڵیان
پارێزراوە و یاسا سەروەرە، رێگە بە هیچ کەسێکیش نادرێت ئاسایشی وڵات تێکبدات."
ئێوارەی رۆژی
٨ی تەموزی ٢٠٢٥ لە گوندی گردەڕەشەی سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر، شەڕ لەنێوان
هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی خورشید هەرکی روویدا. ٥ رۆژ پێشتر گرژی لەنێوان بەشێک
لە هۆزی هەرکی کە کەسانی نزیک لە خورشید هەرکی بوون، لەگەڵ هۆزی گۆران دروستبوو.
لە ئەنجامی شەڕەکەی ٨ی
مانگی تەممووزدا دوو کەس گیانیان لە دەست دا؛ یەکێکیان کارمەندێکی زێرەڤانی بوو و
ئەوی دیکەیان هاوڵاتییەکی سەر بە هۆزی هەرکی و دانیشتووی خەبات بوو.