حکومەتی هەرێمی
کوردستان ڕێنمایی نوێی دەربارەی خانەنشینبوونی فەرمانبەرانی گرێبەست دەرکردووە و
بەو پێیە ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی تەمەنیان گەیشتووەتە ٦٠ ساڵ، تەنها لە حاڵەتێکدا
خانەنشین دەکرێن کە ١٥ ساڵ خزمەتیان هەبێت، بە پێچەوانەوە راژەکانیان کۆتایی پێدەهێنرێت.
بەپێی بڵاوکراوەیەکی فەرمانبەرانی
گرێبەست کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بە شێوەیەکی
"زارەکی و نهێنی" بە فەرمانگەکان وتراوە مامەڵەی خانەنشینی بۆ ئەو فەرمانبەرانە
نەکەن کە تەمەنیان لە سەرووی ٦٠ ساڵە و خزمەتیان کەمترە لە ١٥ ساڵ.
هۆکاری ئەمەش بۆ
ئەوە دەگەڕێننەوە کە حکومەت نایەوێت بۆشایی کارگێڕی دروست بێت، چونکە کەس نییە جێگەیان
بگرێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە کارکردنیان لە دوای ئەو تەمەنە وەک خزمەت بۆ هەژمار
ناکرێت.
لە بەرامبەردا،
نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاشکرا بووە کە وەڵامی داواکارییەکانی داوەتەوە
و تێیدا هاتووە:
١. ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی تەمەنیان ٦٠ ساڵ و بەرەو سەرە
و ١٥ ساڵ خزمەتیان هەیە، خانەنشین دەکرێن.
٢. ئەوانەی خزمەتیان کەمترە لە ١٥ ساڵ، ئەگەر لە شوێنی دیکە
خزمەتیان هەبێت و بۆیان هەژمار بکرێت تا بگاتە ١٥ ساڵ، ئەوا خانەنشین دەکرێن.
٣. ئەگەر فەرمانبەرەکە نەیتوانی مەرجی ١٥ ساڵ خزمەت جێبەجێ
بکات، دەبێت "دەستبەجێ" کۆتایی بە ڕاژەکەی بهێنرێت.
بەپێی دوایین داتاکانی
وەزارەتی دارایی، لە ئێستادا ٣٠ هەزار و ٩٣٧ فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی
کوردستاندا هەن، کە ئەمەش ڕێژەی ٢.٦٪ی کۆی گشتیی مووچەخۆران پێکدەهێنێت. حکومەت
مانگانە بڕی ١٣ ملیار و ٨٣٨ ملیۆن دینار بۆ مووچەی ئەم توێژە تەرخان دەکات، کە
مووچەکانیان بەپێی بڕوانامە و پسپۆڕی لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٧٠٠ هەزار دیناردایە.