داوا دەکرێت د.عەبدولـلەتیف سەلەفی لەوتاربێژی دوور بخرێتەوە

دەستەیەک لە مامۆستایانی ئاینی خۆبەخش لە پارێزگای سلێمانی، راگەیەندراوێکی بەپەلەیان ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی و یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی تەمووزی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوەو واژۆی ژمارەیەک مامۆستای ئاینینی لەسەرە، ئاماژە بەوە کراوە کە وتاربێژێکی خۆبەخش لە شاری سلێمانی، بە ئەنجامدانی "کارێکی بەدڕەوشتی" تۆمەتبارکراوە. بە بۆچوونی ئەم مامۆستا ئاینیانە، ئەو رەفتارە بە دەرەنجامی "ناشرینکردنی ناوی پیرۆزی مینبەر و میحراب" دەبینرێت و بە توندی ئیدانەی دەکەن، چونکە پێیانوایە ئەو رەفتارانە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بنەماکان و پێگەی مامۆستای ئاینیدا یەکناگرێتەوە و بووەتە هۆی بریندارکردنی هەستی هاوڵاتیان.

مامۆستایانی ئاینی لەو راگەیەندراوەدا، داوایان لە وەزیری ئەوقاف، بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی و لیژنەکانی فتوا کردووە، کە بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و رێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسە بگرنەبەر. هاوکات جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان هاوشێوەی ئەو رێکارانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کێشە هاوشێوەکاندا گرتییەبەر، هەڵوێستێکی یەکلاییکەرەوەیان هەبێت و ناوبراو لە پیشەی وتاردان و پێشنوێژی دووربخەنەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە پێناو پاراستنی پیرۆزییەکانی کۆمەڵگە و بەرزڕاگرتنی بەهاکانی ئاین، نیشتمان و زمان، داوا دەکەن کەسێکی شیاو و خاوەن ئەخلاقی بەرز، لە جێگەی ئەو وتاربێژە دابنرێت. مامۆستایان دووپاتیان کردووەتەوە کە ئەم هەڵوێست و داواکارییەیان تەنها لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی ئاینی و ئەخلاقییەوە بووە، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر کارێکی ناپەسەند بکرێت کە زیان بە ناوبانگ و شکۆی دامەزراوە ئاینییەکان دەگەیەنێت.




PM:12:40:05/07/2026