لە نوێترین ڤیدیۆدا کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە دکتۆر عەبدولەتیف ئەحمەد بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ خوێندکارە کچەکە و باوکی دەکات و تۆمەتباری دەکات کە "لە رێگای باندەوە کەیسەکەیان" بۆ دروستکردوە.
رۆژی ٤ تەمووز ٢٠٢٦، ڤیدیۆیەکی فلتەرکراو کە تەنها دەنگە دکتۆر عەبدولەتیف لەگەڵ کچەکە و باوکیدا قسە دەکات و دەڵێت "گوێ لە من بگرە لە ناو باندەکەدا هەیت"،(دکتۆر عەبدولەتیف لەم قسەیەدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە باندێکدایە و ئەو کارەی بەرامبەر کردوە کە دەچێتە خانەی تۆمەت بەخشینەوە).
لە درێژەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا دکتۆر عەبدولەتیف بە کچەکە دەڵێت "ڤیدیۆ هەیە لەسەرت کە ئەو داعشیە بە تەلەفۆن قسەت لەگەڵ دەکات"، هەروەها بە باوکی کچەکەش دەڵێت "ئەکید خەڵەتاوە، برا شیرینەکەم خۆشی باش دەزانێت شەیتانەکە کێیە".
ئەمە لەکاتێکدایە دکتۆر عەبدولەتیف ئەحمەد لە کاتی بانگهێشتکردنی لە کاتی لێکۆڵینەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی سلێمانی تەنها تۆمەتەکەی رەتکردبوەوە و بە هیچ جۆرێک ئاماژەی بەوە نەکردبوو کە هیچ بەڵگەیەکی هەبێت لەسەر پووچەڵکردنەوەی ئەو تۆمەتەی ئاراستەی کراوە.
ئەم پەیوەندیە تەلەفۆنیە دوای ئەوە دێت کە دکتۆر عەبدولەتیف بڕیاری دوورخستنەوەی هەتاهەتای لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بۆ دەرچووە، هاوکات کەیسەکەشی لە ئێستادا رووبەرووی دادگا کراوەتەوە.
ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی لەو راگەیەندراوێکدا داوایان لە وەزیری ئەوقاف، بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی و لیژنەکانی فتوا کردووە، کە بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و رێکاری پێویست بەرامبەر دکتۆر عەبدولەتیف بگرنەبەر و لە وتاربێژی دووری بخەنەوە.
چوار شەممە، ١ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەی زانکۆ لەسەر کەیسەکەی دکتۆر عەبدولەتیف ئەحمەد ئاشكرا کرا و تیایدا هاتبوو کە "پێدانی سزای العزل (دوورخستنەوەی هەتا هەتایی) بە د. عەبدولەتیف ئەحمەد مستەفا مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان/ زانکۆی سلێمانی".
عەبدولەتیف ئەحمەد (عەبدولەتیف سەلەفی) رێبەری رەوتی سەلەفی لە هەرێمی کوردستانە و مامۆستای زانکۆبوو، دوای ئەوەی چەند تۆمارێکی نوسراو و دەنگی بڵاوکرایەوە کە پەیوەندی لەگەڵ خوێندکارەکانی خۆی لە زانکۆ دادەنێت و "گێچەڵ بە خوێندکارەکانی" دەکات.