ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، لە لێدوانێکدا دڵنیایی دایە سەرجەم فەرمانبەران و ڕایگەیاند'' مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواوی پارێزراو و زامنکراوە، و هیچ کێشەیەکی بنەڕەتی لە گواستنەوەی شایستە داراییەکاندا نییە.''
مەزهەر محەمەد ساڵح، سەبارەت بە هۆکارەکانی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی ئەم ماوەیەی ڕابردوو ڕوونیکردەوە، ئەم بابەتە تەنیا پەیوەستە بە بوونی کۆمەڵێک تێبینی و کێشەی تەکنیکی و هونەری لە نێوان فەرمانگە داراییەکانی هەردوولادا، و دوای چارەسەرکردنیان پرۆسەکە ئاسایی دەبێتەوە.
ئەم لە کاتێکدایە کە لە هەفتەی رابردوودا، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وەزیری دارایی عێراقیان راگەیاندبوو کە بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتەکانیانەوە، ناتوانن بڕی ١٢٠ ملیار دیناری مانگانە (تایبەت بە پشکی داهاتی نانەوتی) رادەستی بەغدا بکەن.