هۆشیار زێباری:بەغدا قوڵایی ستراتیجیی هەموو حزبەکانی هەرێمە

 ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند'' ئێستا هەموو حزبەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە قووڵایی ستراتیجیی ئەوان بەغدایە.''

هۆشیار زێباری لە چاوپێکەوتنێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، بوونی پارتی لە بەغدا بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی و سەرخستنیەتی لە هەنگاوەکانیدا. 

ئاشکراشی کرد کە هەرێمی کوردستان بە عەلی زەیدی ڕاگەیاندووە'' ئامادەی هاوکارییە بۆ هەر ڕێکارێک کە دژی گەندەڵکاران دەیگرێتەبەر، چونکە ئەمە یەکەم حکومەتە بوێریی هەنگاوی کرداریی هەبووبێت بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و ئەو دزییەی ئێستا ئاشکرابووە جێگەی سەرسوڕمانە و لە حکومەتەکانی ڕابردوودا بەو شێوەیە نەبووە.''

سەبارەت بە هەڵوێستی نێودەوڵەتی، زێباری ڕوونکردنەوەی دا کە ئەمریکییەکان دەرفەتی تەواو دەدەن بە زەیدی و فشاری زۆری لەسەر دروست ناکەن چونکە گومانی باشیان پێی هەیە.

وتیشی'' سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا زۆر گرنگە و تێیدا دۆسیەکانی گەندەڵی، قاچاخچێتی، کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و سەروەریی عێراق گفتوگۆ دەکرێن، چونکە ناکرێت پرۆسەی بنیاتنان لە سایەی بوونی گرووپی چەکداردا سەرکەوتوو بێت، و جەختیشی کردەوە کە ئەم هەڵمەتە لێرەدا ناوەستێت و بەردەوام دەبێت.''




PM:11:14:05/07/2026