کەشناسێک: هاوینێکی ئاساییمان هەیە و پێشبینی شەپۆلی بەهێزی گەرما ناکرێت

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، لە نوێترین پێشبینیدا بۆ کەشوهەوای ئەم مانگە تەممووز ڕایگەیاند'' تا ئێستا بە گشتی هاوینێکی ئاساییمان هەیە لە ڕووی پلەکانی گەرماوە و هیچ شەپۆلێکی بەهێز ناوچەکەی نەگرتووەتەوە.''

 ئاماژەی بەوە کردووە، کە پلەکانی گەرما تا پێنج ڕۆژی داهاتوو لە ئاستێکی جێگیردا دەبن و بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بۆ هەمان کات نزمترن.

سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوەڕاستی مانگ، ڕوونکردنەوەی دا کە ئەگەرێک هەیە لە نێوان ١٠ بۆ ١٦ی مانگی تەممووزدا شەپۆلێکی گەرما ناوچەکە بگرێتەوە، بەڵام بە گشتی زۆر بەهێز نابێت و کاریگەری و ماوەکەشی زۆر ناخایەنێت.

لە کۆتایی پێشبینییەکەیدا ئاراس جەبار ئاشکرای کردووە کە دوابەدوای ئەو مەودایە (واتە دوای ١٦ی مانگ)، پلەکانی گەرما دووبارە نزم دەبنەوە و کاریگەریی بارستە هەواکانی دەریای ناوەڕاست لەسەر ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە، بۆیە بە گشتی پێشبینی ئەوە ناکرێت لەم مانگەدا شەپۆلی زۆر بەهێز و تاقەتپڕوکێنی گەرما ڕوو لە ناوچەکە بکات.



AM:12:02:06/07/2026