فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، ڕۆژی دووشەممە، تۆمارکردنی یەکەم
حاڵەتی تووشبوونی پشتڕاستکراوەی بە تای خوێنبەربوون لە قەزای حەویجە ڕاگەیاند، بەمەش
ژمارەی تووشبووان لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە پارێزگاکەدا بۆ چوار حاڵەت بەرزبووەوە.
سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک رایگەیاند:
"حاڵەتەکە لە نەخۆشخانەی گشتی حەویجە بۆ نەخۆشێکی تەمەن ٣٥ ساڵ تۆمارکراوە کە
نیشتەجێی گوندی بەرتەغالییەی قەزای حەویجەیە، ئەمەش یەکەم حاڵەتە لەسەر ئاستی قەزاکە
و چوارەم حاڵەتە لەسەرانسەری پارێزگای کەرکوکدا."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد: "تووشبووەکە لە ژێر چاودێری
پزیشکی پێویستدایە و تیمە تەندروستییەکان دەستیان کردووە بە ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەی
پەتاکە و بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵیدا هەبووە، هەروەها گرتنەبەری
ڕێوشوێنی خۆپارێزی بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە."
تیمە تەندروستییەکان جەخت لەسەر پێویستی پابەندبوونی هاوڵاتیان
بە ڕێنماییە تەندروستییەکان دەکەنەوە، بەتایبەتی دوورکەوتنەوە لە دەستدان لە ئاژەڵی
تووشبوو یان سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی سەربڕخانە فەرمییەکان، و ڕاگەیاندنی هەر نیشانەیەکی
گوماناوی بۆ دەستەبەرکردنی دەستێوەردانی پزیشکی پێشوەختە و سنووردارکردنی گواستنەوەی
هەوکردنەکە.