ئەمڕۆ ٢٠ ڕۆژ بەسەر خنکاندنی گەنجێکی ٢٦ ساڵ لە ڕووباری سیروان تێدەپەڕێت، سەرۆکی تیمی مەلەوانی لە بەرگریی شارستانیی گەرمیان، ئەنوەر ئیبراهیم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە هۆکاری نەدۆزینەوەی تەرمەکە تا ئێستا ئاشکرا کرد.
دوو شەممە، ٦ تەمووز ٢٠٢٦، سەرۆکی تیمی مەلەوانی لە بەرگریی شارستانیی گەرمیان رایگەیاند "ئێستا تەنیا یەک تیم دەگەڕێت بەدوای تەرمی گەنجەکەدا لەکاتێکدا پێشتر بە زیاتر لە پێنج تیم گەڕان بەردەوام بووە، هۆکاری کەمبوونەوەی گەڕانەکەش بۆ ئەوەیە چاوەڕوانی چاککردنی ڕێڕەوی ئاوی ڕووبارەکەین بۆ کەمبوونەوەی ئاستەکەی و ئاسانبوونی گەڕان".
ئەنوەر ئیبراهیم سەبارەت بۆ هۆکاری نەدۆزینەوەی تەرمەکە وتی "ماوەی هەفتەیەک زیاترە بە شۆفڵ و حەفارە ڕێڕەوی ئاوی ڕووبارەکە لە نزیک پڕۆژەی مارینای گەشتیاری لە گەرمیان پاک دەکەنەوە، بەوپێیەی گومان دەکرێت لەژێر ئاوەکەدا تەرمەکە گیری خواردبێت، لەبەر ئەوەی ئەو ناوچەیەی شۆفڵ و حەفارە کاری لێ دەکات، ٥ بۆ ١٠ مەتر قووڵە"، وە هۆکارێکی تریشی گەڕاندەوە بۆ "لێڵی ئاوەکە".
گەنجەکە ناوی ئەحمەد لوقمانە و تەمەنی ٢٦ ساڵە و منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵی هەیە، ڕۆژی ١٧ـی حوزەیران لە کاتی ڕاوەماسیدا خنکا و هێشتا کەسوکارەکەی بەدیار ڕووبارەکەوە دانیشتوون بۆ دۆزینەوەی سەرەداوێک لەسەر تەرمی کوڕەکەیان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٣٦ حاڵەتی خنکاندن لە ناوچە جیاوازەکان تۆمارکراون.