بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسیی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند'' بەمەبەستی هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و گواستنەوەی فایلی مووچەکانیان بۆ سەر حکومەتی فیدراڵ، لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا دەکەنەوە.''
ئەحمەد مام ڕەسوول، ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی تەممووزی ٢٠٢٦ ئاشکرای کرد کە شاندەکەیان لەم سەردانە نوێیەدا لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی زۆر نزیکن و ئامانجی سەرەکیی سەردانی ئەم جارەیان واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنەیە.
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدان کە ئێستا مووچەی زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ٥٠٠ هەزار دینارە، بەڵام بەپێی یاسای فیدراڵی، هەوڵەکە بۆ ئەوەیە هاوشێوەی هاوتا عێراقییەکانیان مووچەکانیان بگەیەنرێتە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار دینار.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تا ئێستا ٢٥ هەزار و ٦١٨ زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاست کراونەتەوە، کە لەو ژمارەیە ٥،٢١٦ کەسیان مانگانە مووچە وەردەگرن و ١٧ هەزار دۆسیەی دیکەش ئامادەکراون و چاوەڕوانی وردبینین.