ئەندامێکی فەرماندەیی گشتیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند'' پرۆسەی گفتوگۆکان بەهۆی کێشە لە عەقڵیەتی دەوڵەتی تورکیا دا بێ بڕیاری ڕوون ماوەتەوە و عەبدوڵا ئۆجەلان لەژێر گۆشەگیرییەکی تونددای.''
موراد قەرەیلان جەختی کردەوە کە بەپێی بڕیاری پەکەکە، پرسی چەکدانان لە دەسەڵاتی گەریلادایە و بەستراوەتەوە بە ئازادیی جەستەیی ئۆجەلانەوە، و وتی'' تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، هیچ گەریلایەک چەک دانانێت".
ئاشکراشی کرد کە دوای چەندین گورزی درۆنی، لە ١ی تەممووزی ٢٠٢٥ەوە هەردوولا چوونەتە دۆخی ئاگربەستەوە.
لە کۆتاییدا هۆشداری دا کە چوونە ناو ئەم پرۆسەیە لە لاوازییەوە نییە و هێزەکانیان توانای تەکنەلۆژیی نوێی وەک درۆنی (FPV)یان هەیە و دەتوانن ئامانجە ئابووری و نەوتییەکانی ناو قووڵایی تورکیا تا دووری ٨٠٠ کیلۆمەتر بکەنە ئامانج، و داواشی لە هاووڵاتیان کرد لەبەرامبەر شەڕی دەروونیی دەوڵەتدا هۆشیار بن.