گەریلاو پێشمەرگە چەند هێرشێكی داعشیان لە شەنگال تێكشكاند
پاش نیوەرۆی ئەمرۆ چەكدارانی داعش لەچەند پۆڵەوە هێرشیان كردەسەر سەنگەرەكانی گەریلاو پێشمەرگە، بەڵام بەتوندی وەڵامیان درایەوەو هێرشەكانیان شكستی پێهێنرا.
لەمبارەیەوە نەقیب ڕەسوڵ مەلەکی ئەفسەر لەفەوجی چواری سەر بەلیوای حەوتی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بەسایتی SNN راگەیاند :"کەمێک لەمەوبەر چەتەکانی داعش بەشێوەیەکی بەربڵاو پەلاماری ھێزەکانی پێشمەرگەو گەریلاکانی پەکەکەیاندا لەناو سەنتەری قەزای شنگالدا، بەڵام ھەوڵەکەیان شکستی پێھێندرا".
مەلەکی باسی لەوەشکرد، چەتەکانی داعش ھەوڵیانداوە دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بگەیەننە سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەو گەریلاکانی پەکەکە، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر توند لەھەردوو ئۆتۆمبێلەکە دراو ھەردووکیان بەرلەوەی بگەنە سەنگەرەکان، تەقێندرانەوە.
ئاشکراشیکرد، سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەو گەریلاکانی پەکەکەو شەڕڤانانی یەپەگەو یەبەشە تێکەڵن، "بۆیە کاتێک پەلاماری سەنگەرەکان دەدرێت، سەرجەم ھێزەکان پێکەوە ڕووبەڕووی چەتەکانی داعش دەبینەوە".
PM:01:24:16/01/2015